image


پەیامی کورد… هادی عامری گەیشتە هەولێر و چەند دیدارێك ئەنجام دەدات

هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح گەیشتە شاری هەولێر و بڕیارە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و دواتر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان كۆببێتەوە.

نوسینگەی هادی عامری لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح گەیشتووەتە شاری هەولێر، بڕیارە لە سەردانەكەیدا لەگەڵ هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی، مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی كۆببێتەوە.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، رۆژی شەممە عامری چووە نەجەف و لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر كۆبوویەوە.

سەرەڕای ئەوەی لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق ئەنجام دراوە، تاوەكو ئێستا هیچ سەرەداوێكی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دیار نییە و كۆبونەوە و دیداری حزبەكان و كەسایتییە سیاسیەكانی عیراق بەردەوامە و تاوەكو ئێستا ماڵی شیعە لەناو خۆیاندا نەگەیشتوونەتە رێكەوتن.