image


پەیامی کورد... فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان پشتیوانیكردنی هەرێمی کوردستانی دوپاتدەكاتەوە

جێگری فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانان لەعیراق و سوریا بەردەوامبونیان لە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان دوپاتدەكاتەوە.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جەنەرال ئەندرو گارنەر جێگری فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا كۆبونەوەو بەپێی راگەیەنراوێك، لە كۆبونەوەكەدا دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی عیراق و ناوچەكە و روبەڕوبونەوەی هەڕەشەكانی داعش و گرنگی پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری عیراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێكراون.

راشگەیەنراوە، لەو كۆبونەوەیەدا جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا، باسی ئەرك و چالاكییەكانی هێزەكانیانی لە عیراق و سوریا كردوەو پابەندبونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشی بە بەردەوامی پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان دوپاتكردۆتەوە.

لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی پێویستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستورو برەودان بە هەماهەنگی ئەمنی و سەربازی لەنێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراق بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان.