image

ڕاپەڕینە مەزنەکەی 1991 بریتیی بوو لە ڕاپەڕینێکی جەماوەریی خەڵکی باشووری کوردستان لە دژی ڕژێمی بەعس بە پاڵپشتیی ھێزە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی، کە تا ئەوکات له‌ شاخ و دێهاته‌كان لە دژی سیاسه‌تی كۆمه‌ڵكوژی و پاكتاوی نه‌ژادی كه‌ ڕژێمی به‌عس دژ به‌ گه‌لی كورد له‌ باشووری كوردستان پێڕۆی ده‌كرد، ده‌جه‌نگان.

لە پاش شکستی سیاسی، سەربازی، دیپلۆماسی و ئابووریی حکوومەتی بەعسی عێراق بە داگیرکردنی دەوڵەتی کوێت لە 02.08.1990، هەلێکی زێڕین بۆ گەلانی عێراق بە تایبەتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان هەڵکەوت، کە لەبەرامبەر ئەو ڕژێمە سەرکوتکارە ڕاپەڕین و کۆتایی بە داگیرکاری دەیانساڵە بهێنن.
ئه‌وكات گەلانی عێراق بە گشتی و کورد بەتایبەتی لە دژی ڕژێمی عێراق هەستانە سەرپێ، لە کۆی 18 پارێزگا 14 پارێزگایان ڕاپەڕین، لە کۆتایی مانگی شوبات خۆپێشاندان لە شاری بەسرەی باشووری عێراق دەستی پێکرد و پاش ئەوێ ناوچەکانی زوبیر و ئەبولخەسیبی سوننه‌نشینی سەر بە پارێزگای بەسرە لە 03.03.1991 ڕاپەڕین، پاشان شیعەکانی عێراق لە شارەکانی بەسرە، دیوانیە، میسان، ناسریە، نەجەف، کەربەلا، عەمارە، واست و موسەننا ڕاپەڕین.

ڕاپەڕینی ئاداری1991ی گەلی كورد له‌ باشووری کوردستان، رووداوێکی گەورە و گرینگ و بێوێنه‌ی مێژوویی بوو، دەستکەوت، گۆڕانکاری و وەچەرخانێکی گەورەی ھێنایە ئاراوە، په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ره‌نجامی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ی خه‌ڵكی كوردستانن.

ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری 1991 لە شاری ڕانیەوە دەستی پێ کرد و تا 21ی ئازاری 1191 لە پاش ئازادکردنی کەرکووک، کۆتایی ھات کە بەو شێوەیە دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس لە باشووری کوردستان کرانە دەرەوە و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌فسه‌ر و سەربازەکانیان کوژران و زۆرێكیشیان ڕاونران و ژماره‌یه‌كیش پاش به‌دیلگرتنیان، ئازاد كران. چەند ڕۆژێک پاش ڕاپەڕین، وەک وەڵامێک حکوومەتی بەعسی عێراق بە سووپایەکی بێشوومارەوە ھێرشی کردەوە سەر کوردستان و، به‌ هۆی ئەو هێرشە سەرکوتکارانەی ڕژێم زیاتر لە چوارملیۆن کوردی ناچاری کۆڕەو بۆ ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان کرد، کە چەندین هاووڵاتی سڤیل كه‌ ژن و منداڵ لە ناویاندا بوون، بەهۆی سەختیی ڕێگا و كه‌شوهه‌واوە شەهید بوون.

 

ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری 1991 لە ڕانیەوە، کە ناسراوە بە دەروازەی ڕاپەڕین، دەستی پێ کرد، بەڵام لە 3ی ئازاری 1991دا بۆ یەکەم جار وەکو دەستپێکی راپەرین لە ئۆردوگای خەباتی ھەولێر شەڕێک لە نێوان پشدەرییەکان و بنکەی پۆلیس ڕووی دا، دەرەنجام ھەڵیانکوتایە سەر پۆلیس و دەستیان بەسەردا گرت. رژێم ھێرشی کردنە سەر و سەرکووتی کردن. بەڵام لە 5ی ئازاری 1991دا، ڕاپەرینی گەلی کورد لە شاری ڕانیە لە سه‌عات 9ی سەرلەبەیانی بە فەرمی دەستی پێ کرد، لە ھەموو لا جه‌ماوه‌ر داڕژانە سەر کوچە و کۆلان و شەقامەکان، لە ڕادیۆکان و بڵندگۆی مزگەوتەکان خەڵکیان ھان دا بۆ ڕاپەڕین. پاشان جەماوەر ھەڵیانکوتایە سەر دامودەزگاکانی حکوومەت، بۆ سەعات ٣ی سەرلەئێوارە سەرجەم ڕانیە لە ڕژێم پاک کرایەوە، ھەمان ڕۆژ چوارقووڕنە و حاجیاوا و دەشتی بیتوێن و سەربازگەی سەرکەپکان ئازاد کران، جگە لە تیپی 44ی چواڕقووڕنە 50 کەس لە رژێم كوژران و 10 کەسیش لە ھاووڵاتیان شه‌هید بوون، ژمارەیەکی زۆر لە ڕژێم گیران، بۆیە ئەمڕۆژە لە مێژووی کورد بە رۆژی ڕاپەرین و ڕانیەش بە دەروازەی ڕاپەڕین دادەنرێت، ئەگەرچی لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیار بوو ٧ی ئازار دەست بەراپەرین بکرێت، وەلێ جەماوەر زوو گڕی گرت و ڕاپەرینی بەرپا کرد.

ڕۆژژمێری ڕاپەڕین

لە بازیان یەک و دوو و دەشتی بتوێن و دەشتی پشدەر
لە 6ی ئازاری 1991 ناوچەی بازیانی یەک و دوو و ناوچەی ناو دەشتی پشدەر ئازاد کران، بە جۆریک کە لە بازیان لە سه‌عات ٤ی ئێوارە ھەڵیانکوتایە سەر دامودەزگاکانی حکوومەت و ھەر زوو سەرکوتیان کردن، لە پشدەریش سەربازگە و پادگاکانی ڕژێم لە نێوان پێشمەرگەی سەرەوە و جەماوەردا دەورە دران و ھەر زوو گیران، تەنھا فەوجی قادرئاوای پشت (سەنگەسەر) نەبێ کە شەڕی مان و نەمانیان کرد و بووە ھۆی قوربانیدانی چەندان پێشمەرگە و ھاووڵاتی و کوژرانی دەیان سەرباز و گیرانی فەوجەکە. لەلایەکی ترەوە، ھەمان ڕۆژ لە بیتوێن، تیپی 44ی چواڕقوڕنە لە چوارقوڕنە لە سێ لا دەورە درا و ھەر زوو کۆنتڕۆڵ کراو دواتر بنکەکانی سەر (کلکەی کۆڵێن و حاجیلە) و بەرزاییەکانی دۆڵەڕەقە، بێ شەڕ دابەزینە خوارەوە و تەسلیم بە گەل بوون، تەنھا لە تیپی چوارقوڕنە چەند شەھیدێکی خەڵک و کوژراوی ڕژێم ھەبوون. ڕژێم لیوایەکی لە کۆیەوە ھێنایە (گردجان) بۆ پاڵپشتیی تیپی چوارقوڕنە و بە تۆپ و خومپارە کەوتە گیانی ھاووڵاتیانی ناوچەکە. ھەر ھەمان ڕۆژ ئەوێش گیرا و چەند سەرباز و ڕائیدێکی لێ کوژران.


لە سلێمانی
لە 7ی ئازاری 1991دا جەماوەری شاری سلێمانی ڕاپەڕی و، ھەر زوو ھەڵیانکوتایە سەر بنکەی حامیەی پۆلیس و سەرا و ئازادیان کرد، ھەروەھا بۆ بەیانیی 8ی ئازار، قەڵای ئەمنەسوورەکەی سلێمانی و سەربازگەی سەلام و پادگاکانی سەر چیای ئەزمەڕیان کۆنتڕۆل کرد، بەجۆری بە ھەزاران سەرباز خۆیان دا بە دەستەوە و پارێزگاری سلێمانی و دەیان پلەدار و پیاوانی ڕژێم کوژران.

لە چەمچەماڵ و ھەڵەبجە و عەربەت و زەڕایەن و سمود و نەسڕ و باریکە و پیرەمەگروون و ئەلڵایی
لە 8ی ئاداری 1991، ڕاپەڕین لە چەمچەماڵ و ھەڵەبجە و عەربەت و ئۆردووگاکانی (زەڕایەن و سمود و نەسر و باریکە و پیرەمەگروون و ئەلڵایی) دەستی پێ کرد و سەرجەم ئەو ناوچانە و ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان سلێمانی و کەرکووک و بەعقووبە بە خوێنی چەندان شەھیدی هاووڵاتی و، کوژرانی چەندان کەس لە پیاوانی رژێم کۆنتڕۆل کران.
ھەر ئەو ڕۆژەش سەرجەم بنکەکانی پشتاوی سەر مامەندە و قەڵادزێ دابەزینە خوارەوە و بێ کوشتار، خۆیان بە دەست گەلەوە دا. لەلایەکی ترەوە قەڵای (سووسێ)ی ڕژێم گیرا و بەرەو دووکان چوون و لەلای دۆڵی خەلەکانیش پێشمەرگە و جەماوەر ھەر بەرەو بەنداوی دووکان دەھاتن، بۆیە بۆ ئێوارە ئەم  ناوچەیەش بەتەواوی کۆنتڕۆل کرا.


لە کۆیە و شەقڵاوە و کفری
لە 9ی ئازاری 1991دا جەماوەری شاری شەقڵاوە و کۆیەش ڕاپەڕین، ئەگەرچی سوپایەکی زۆر لە ھەیبەت سووڵتان ھەبوو و لە ٨ی ئاداردا چەند لیوایەکی زرێپۆشی زیادی ھێنایە ئەوێ و، لە ئاسمان و زەمینه‌وه‌ بەرگرییەکی تووندیان لەخۆ کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی ناو کۆیە ئازاد کرا، دواتر لە ھەموو لاوه‌ ھەیبەت سووڵتان دەورە درا و کۆنتڕۆڵ کرا و سوپاکەی گیران. وێڕای ئەوەی کە ناوچەی شەقڵاوەش ئازاد کرا و، بۆ ئێوارەش سه‌عات 4ی سەرلەئێوارە لە ئۆردووگای زۆرەملێی باسرمە ھەڵیانکوتایە سەر بنکەی پۆلیس و ئەوێیش بۆ بەیانییه‌كه‌ی پاک کرایەوە. لە لایەکی ترەوە و هه‌مان ڕۆژ له‌ کفری ڕاپەرین سەری ھەڵدا کە بووە ھۆی ئازادکردنی کفری و باوەنوور و بەرزاییەکانی.

لە مەسیف و تەقتەق و ڕەواندوز قەرەھەنجیر و ئاغجەلەر و ھەریر و باتاس و خەلیفان و سپیلک و سۆران و چۆمان و حاجی ئۆمەران و مێرگەسۆر
لە 10ی ئازاری 1991، جەماوەری مەسیف و تەقتەق و ڕەواندوز قەرەھەنجیر و ئاغجەلەر و ھەریر و باتاس و خەلیفان و سپیلک و سۆران و چۆمان و حاجی ئۆمەران و مێرگەسۆر و سەرجەم ئەو ناوچانە، ڕاپەڕین و لە چەند سه‌عاتێكدا ئازادیان کردن، بە جۆرێ سه‌عات 1ی دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە، سەرەتا کۆڕێ گیرا و پاشان مەسیف ئازاد کرا و لە سەعات 12ی نیوەڕۆیش ھەریر و باتاس ڕاپەڕین و سپیلک و دۆڵی بیاو و بێخمە ئازاد کران، لە کۆیە لە ھەمان ڕۆژ جەماوەر و پێشمەرگە بەرەو تەق تەق پێشڕەوی کرد و خەڵکی ئەوێیش لەم ڕۆژەدا راپەڕین و ئازادیان کرد، ھەر ئەورۆژەش ئۆردووگای بەستۆرەش ئازاد کرا، کە بە دەیان کەس لەو ناوچانە لە پیاوانی ڕژێم کوژران و چەندان پێشمەرگە و ھاووڵاتیانیش شەھید بوون، بۆ وێنە لە شەقلاوە 3 پێشمەرگە شه‌هید بوون.

لە ھەولێر
لە 11ی ئازاری 1991دا، جەماوەری شاری ھەولێر ھەر لە سپێدەی بەیانییەوە لە گەڕەکەکانی "شۆڕش" و "مەلایان" و "برایەتیی سەرەوە" خلۆر بوونەوە خوارەوە بەرەو بارەگاکانی ڕژێم و لە سه‌عات 9ی بەیانییه‌وه‌ سەرجەم جەماوەر و گەڕەکەکان ڕژانە سەر شەقام و کوچە و کۆڵانەکان و یەکدەست ڕژانە سەر سەرجەم بارەگا و دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێم، نەخاسمە دائیرەی ئەمن و جەیشی شەعبی و ئەمنی تەواری و مەنزومەی شیمالی و بنکەکانی پۆلیس و ھتد. کە تا ئێوارە سەرجەم ئەو بارەگایانە کۆنتڕۆل کران، تەنھا لە دایەرەی ئەمن و مەنزومەی شیمالی، به‌عسییه‌كان بەرگرییەکی سەختیان کرد، بۆیە کوژراوێکی زۆریان لێکەوت و ھەندێک لەوانەی لەوێ گیران، لەلایەن جەماوەری تووڕه‌ و خرۆشاوه‌وه‌ گوللەباران کران.
ھاوکات لە ھەمان ڕۆژدا راپەرین لە سەرجەم ئۆردووگا و ناوچەکانی دەوربەری ھەولێریش گڕی گرتبوو، بۆ وێنە لەلای سەرەوە ھێزی پێشمەرگە و جەماوەر پێ بە پێ لە دێگەڵەڕا پێداھات کە ھەموو بان و بەزراییەکانی سوپا و پادگاکانی رژێمی پاک کردەوە تادەگاتە کەسنەزان، بۆیە کەسنەزان و بنەسڵاوە بەبێ شەڕ تەسلیم بوون و لە دارەتوویش بەنیو سه‌عات ناوەندی پۆلیس گیرا. لەوێ شەھید درا و ڕژێمیش کوژراوی ھەبوو، ئۆردووگاکانی قوشتەپە و شاوێس و پیرزین و مەلائۆمەریش، ھەر زوو ئازاد کران، پاشان ھاوکات ئۆردووگاکانی جدیدە و تۆبزاوایش ڕاپەڕین و دوای چەند سه‌عاتێك شەڕ ئازاد کران بە خوێنی چەند ھاووڵاتییەک و کوژرانی زۆرێک لە پیاوانی ڕژێم و، لە ھەمان کاتدا خه‌ڵكی ئۆردووگای خەبات ھەڵیانکوتایە سەربازگەی ئاسکی کەڵەک و ھەر زوو کۆنتڕۆڵیان کرد و دواتر ئۆردووگاکانی کەورگۆسک و بەحرکە و بەرحوشتر، پشتاو بوون بێ شەڕ ئازاد کران و سوپای ناوچەکە خۆیان بە دەستەوە دا، لەلایەکی ترەوە بۆ ئێوارەی ھەمان ڕۆژ، فەیلەقی ٥ی سەربازگەی ھەولێر کۆنتڕۆڵ کرا. بۆ بەیانیی ١٢ی ئازار، پادگاکانی سەر بەرزاییەکانی ڕەشکین و کانی قڕژاڵە و ڕێی گوێر و مەخموور گیران و خۆیان تەسلیمی گەل کرد و بە دەیانھەزار سەربازیش لەوانەی پارێزگاری ھەولێر و سەربازگەکانی کە شۆڕ دەبوونەوە  بەرەو مووسڵ و کەرکووک دەچوون، بێ ئەوەی لەلایەن خەڵک و پێشمەرگە بگیرێن و بکوژرێن، بەڵکو نان دەدران.

لە جەلەولا و مەخموور و ئاکرێ و خانەقین و شێخان
لە 12ی ئازاری 1991دا، جەماوەری جەلەولا ڕاپەرین تا ئێوارە ناو شاری جەلەولا و دەوروبەریان ئازاد کرد. بەڵام دواتر ڕژێم لە ئاسمان و زه‌مینه‌وه‌ بە چەکی قوورس تۆپبارانی کردن، بۆیە چەندان ھاووڵاتی لەوێ شەھید بوون و ڕژێمیش زیانێکی زۆری ماددی و مەعنەویی لێکەوت. لەلایەکی ترەوە ھەر ھەمان ڕۆژ ناحیەی مەخمووریش لە خوارووی ھەولێر ئازاد کرا و، لە ڕێگای مووسڵیش لافاوی جەماوەر لە زێی کەڵەک پەڕییەوە بادینان. بۆیە ھەر ئەو ڕۆژە ئاکرێ و ناحیەی بجیل و سورچیایەتی و بەردەڕەش و دینارتی زێبار تا دەگاتە شێخان و سەرزێی خازر، ئازاد کران و ھەمان ڕۆژیش خانەقین ئازاد کرا.

لە زاخۆ و پردێ و جەبارە و کۆڵەجۆ
لە 13ی ئازاری 1991دا، لەوسەری سنوورەوە جەماوەری زاخۆ و دەروبەری ڕاپەڕین. سەرەنجام ناو شاری زاخۆ و کۆمەڵگای ھیزاوە و دەرکار عەجەم ئازاد کران و راپەرین گەیشتە دەشتی سلێڤان و چیای بێ خێر و ژوێ ئازاد کران و، دوای ئه‌وه‌ رەخێ سۆرا لە سنووری کەرکووک شارۆچکەی پردێ ئازاد کرا و، لە گەرمیانیش کەلار و ناحیەی جەبارە و کوڵەجۆ ئازاد کران.

لە دھۆک
لە 14ی ئازاری 1991دا، لەگەڵ گەردی بەیانی، جەماوەری دھۆک لە گەڕەکی بەرۆشکێی لای سەرەوە، سەریان ھەڵدا و بە تێکڕا دەوری دائیرەی ئەمن و ئیستخبارات و پۆلیس و ئالیات و لیوا و فرقەی حزبیـیان دا و ھێرشیان کردە سەریان؛ تا نیوەڕۆ ھەموویان گیران. جگە لە ئەمنخانە نەبێ کە شەڕی مان و نەمانیان کرد، بۆیە زۆربەیان کوژران، دواتر لیواکەش تەسلیم بوو، بەمەیش ناوچەکانی زاوێتە و مانگێش و باگێرا و سەرسەنگ و ئەنیشک و بامەڕنێ و دێرەلوک و ئامێدی و سیریێ و شێلادزێ و باتوفە و بێ گۆڤا و ھتد... پشتاوپشت بوون، بۆ ڕۆژانی دواتر دوینا میکییەن ناوچەکانی تر کۆنتڕۆڵ کران تا دەگاتە کانی ماسی و ناوچەی بەروای باڵا و رێکان بۆیە پایەگاکانی سەر چیاکانی گارا و مەتین و چیای شیرین و چیای فاتێ و چیای بارزان و چیای بامەڕنێ بۆ خۆیان تەسلیم بوون.

لە کاتێکدا کورد و گەلانی دیکەی عێراق، زۆربەی ناوچەکانی خۆیان ڕزگار کردبوو، حکوومەتی بەعسی فاشیست، لە سەرەمەرگی لەناوچووندا بوو، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا ناپاکییان لە کورد و گەلانی عێراق کرد و لە سەرەتای مانگی نیساندا، بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان، شەڕیان لەگەڵ ڕژێم ڕاگرت و هێزەکانیان لە ناوچەی سه‌فوانی عێراق کشاندەوە، ئەو بڕیارە بۆ حکوومەتی بەعس بووە هەلێک کە هەموو هێزەکانی خۆی بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکان بنێرێتە سەرشارە سەرهەڵدێرەکان لە باشووری تا باکووری وڵات.
ڕژێم توانی بە سودوەرگرتن لەو بڕیارە و بە هاوکاریی چەکدارانی موجاهدینی خەلقی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، ڕاپەڕینەکان سەرکوت بکات و سەدان کورد و عەرەب کۆمەڵکوژ بکات، کە دواجار لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە 2003 بە دواوە ڕوفاتەکانیان لە گۆڕەبەکۆمەڵەکاندا دۆزرانەوە.

 


ئەو هێرشە سەرکوتکارانەی ڕژێمی به‌عس، هۆكار بوو له‌وه‌ی زیاتر لە چوارملیۆن کورد له‌ باشووری كوردستان ناچار به‌ کۆڕەو بكات و ڕوو له‌ ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان بكه‌ن. به‌ڵام زۆری نەخایاند، گەلی کورد جارێکی تر گەڕایەوە سەر زێدی خۆی و لە ناوەڕاستی تەممووزی 1991 جارێکی تر ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ڕژێمی بەعس کردەوە و شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆکیان ڕزگار کردووە