image


پەیامی کورد... دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٦ ملیۆن کەسن

سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی کراوە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش ملیۆن کەسە و ئێستاش ئامارێکی نوێ ئامادە کراوە و لەم مانگەدا ڕادەگەیەندرێت، کە تازەترین ئاماری دانیشتووانی هەرێمی کوردستانە، جەختیش دەکاتەوە ڕێژەی منداڵبوون لە هەرێمی کوردستان لە کەمبوونەوەدایە.

سیروان محەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە: ''بەپێی دواین خەمڵاندن بۆ ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان تا ساڵی 2020 شەش ملیۆن و 171 هەزار کەس بووە و ئێستا ئامارێکی نوێمان ئامادە کردووە و هەموو ڕێکارەکانی تەواو بووە و تەنها ماوە ڕایبگەیەنین کە لەم مانگەدا ئەوەش ڕادەگەیەنین.

سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان وتیشی: ''خەمڵاندنێکمان کردووە لە 2020 تا2040 ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەگاتە هەشت ملیۆن و 800 هەزار کەس، ئەمە تەنها خەڵکی هەرێمی کوردستان جگە لەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بە مەرجێک دۆخەکە بەو شێوەیە بێت و بەردەوام بێت.''

محەمەد ڕوونیشی کردەوە: ''قەبارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی لەچاو پارێزگاکانی دیکە کەمترە کە 4،6 و لە پارێزگای هەولێریش 5،1 و لە پارێزگای دهۆکیش 2،6 قەبارەی خێزان، بۆیە ڕێژەی منداڵبوون لە کەمبوونەوەدایە لە ساڵی 2020 ئەوانەی تەمەنی یەک ڕۆژ تا 14ساڵی 35% دانیشتووانی هەرێم پێک دێنێت و تا ساڵی 2040 دەبێتە 28% ئەوانەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێک دێنن لە تەمەنی منداڵیدا، کە ڕێژەی لەدایکبوونی منداڵ لە کەمبوونەوەدایە.''