image


پەیامی کورد... باره‌گای بارزانی: ئەو بۆردومانانه‌ دژی سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە

له‌باره‌ی تۆپبارانه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، باره‌گای بارزانی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا رایده‌گه‌یه‌نێت، مووشەكبارانكردن و پەلاماردان چارەسەری كێشەكان ناکات، پێویستە چیتر پەنا بۆ ئەو جۆرە كردەوانە نەبردرێت.

له‌ ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی باره‌گای بارزانیدا هاتووه‌: ئەوە بۆ جاری چەندەمە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر پەلاماری مووشەكی و بۆردومانی هێزەكانی ئێران. ئیدانەی ئەو پەلامار و بۆردومانانە دەكەین، چونكە بووەتە هۆی كوشتن و برینداربوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و ژن و منداڵی بێتاوان و ئەوە لە ڕاستیدا تاوانكارییە، لە هەمانكاتیشدا ئەو پەلامار و بۆردومانانە پێشێلكردنی بنەماكانی دراوسێتی و دۆستایەتی و سەروەرییە و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و لە دژی بەرژەوەندی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە.

باره‌گای بارزانی راشیگه‌یاند، مووشەكبارانكردن و پەلاماردان چارەسەری كێشەكان ناکات، پێویستە چیتر پەنا بۆ ئەو جۆرە كردەوانە نەبردرێت، كە جگە لە تاوانكاری و ناسەقامگیری هیچی لێ بەرهەم ناهێت.

داواش ده‌كات، دەستبەجێ ئەو پەلامار و بۆردومانانە ڕابگیرێن و هەرێمی كوردستانیش چیتر نەكرێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی گرفت و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی وڵاتانی دراوسێ.