image

پەیامی کورد     ...   کۆشکی سپی سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی بایدن و ئەردۆغان ڕاگەێندراوێک بڵاو دەکاتەوە

ئەمڕۆ یەکشممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەراوێزی لووتکەی G20 لە ڕۆمای ئیتاڵیا کۆبووەوە. کۆشکی سپی دەڵێت، باسیان لە پرۆسەی سیاسی سووریا، گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ ئەفغانستان و هەڵبژاردنەکانی لیبیا کردووە.

 بایدن جەختی لە پەیوەندی تورکیا و ووڵاتەکەی لەبواری بەرگریدا کردووە، بەڵام نیگەرانییەکانی ووڵاتەکەیشی لەسەر دەستخستنی سیستەمی ئێس ٤٠٠ ـی رووسی لەلایەن تورکیاوە بە ئەردۆغان گوتووە.

 بەپێی راگەێندراوەکەی کۆشکی سپی، جۆ بایدن جەختی لەسەر خواستی خۆی بۆ بەدیهێنانی پەیوەندییەکی بۆنیاتنەرانە لەگەڵ تورکیا، فراوانکردنی بواری هاوئاهەنگی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانیانی کردووەتەوە.  

هاوکات بایدن رۆڵی تورکیای لە هاوکاریکردنی ئەرکی ناتۆ لە دوو دەیەی رابردوودا لە ئەفغانستان بەرز نرخاندووە.

هەر لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکە، ئەو دوو سەرۆکە باسیان لە بارودۆخی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی باشووری قەوقاس کردووە.

 لەبارەی مافی مرۆڤیش لە تورکیا، کۆشکی سپی دەڵێت، "بایدن جەختیشی لە گرنگیی بەهێزبوونی دامەزراوەکانی دیموکراسی، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا بۆ هەبوونی ئاشتیی و خۆشگوزەرانی کردەوە."