
پەیامی کورد... ئێران هەوڵی تیرۆرکردنی ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکای داوە
وەزارەتی دادی ئەمریکا، سوپای پاسدارانی ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد، کە هەوڵی تیرۆرکردنی جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکایان داوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دادی ئەمریکا، سوپای پاسداران لە هەوڵی تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی، هەوڵیانداوە جۆن بۆڵتن تیرۆر بکەن.
قاسم سولەیمانی، بەرپرسی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە (3ی کانوونی دووەم/ یەنایری 2020)، لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەگەڵ ئەبوو مەهدی موهەندیس، کەسایەتی دووەمی حەشدی شەعبی، لە لایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە بۆردوومانی ئۆتۆمبێلەکانیان کرا و کوژران.
پێشتریش عەلی قاسی مەهر، داواکاری گشتی لە تاران ڕایگەیاندبوو، کۆمپانیای (G4S) ی بەریتانی، کە ئەو کات بەرپرسیاری ئەمنی فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەوڵەتیی بوو، دەستی هەبووە لە کوژرانی "قاسم سولەیمانی".
عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کرد.