
پەیامی کورد ... لێهاتوویی و زیرەکی بارزانی شیعەکان بەرامبەر بە ئەو و سەدر و حەلبووسی بە دەنگ دەهێنێت و هێرشیان دەکرێتە سەر
پەڕلەمانتارێکی سەر بە هاوپەیمانی فەتح کە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان رایگەیاندووە کە رەفتارە نابەرپرسیارانەکانی هەریەک لە سەدر و بارزانی و حەلبووسی پڕۆسەی سیاسییان لە عێراق بەرەو نادیاری بردووە، جەختیشی کردۆتەوە کە بارزانی و حەلبووسی کاریان لەسەر شەقکردنی ناوماڵی شیعە کردووە.
ئەحمەد مووسەوی پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتوویەتی: چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریداوە لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە شەرعیەتی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لەڕێگای دەنگدانی زۆرینەوە دەستەیەکی نوێ بۆ ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرا، بڕیار لە بەردەوامیدان یان کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەدەن.
مووسەوی ئەوەشی وتووە: پرۆسەی سیاسی بەهۆی ڕەفتارە نا بەرپرسانەکانی بەشێک لە سەرۆک پارتەکان، بەتایبەت مەسعوود بارزانی و موحەمەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەرەوە بەرەو داهاتوویەکی نادیار دەڕوات، لەبەرئەوەی ئەو کەسانە کاریان لەسەر درووستکردنی درز لەناو ماڵی شیعەدا کردووە.
پەڕلەمانتارەکەی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەکردووە کە پارتی و لایەنە سونییەکان سەبارەت بە پۆست و دەستەکەوتەکانی هەڵبژاردن پابەندی بەڵێنەکانی پێشووتریان نەبوون .
لەلایەکى دیکەوە بەشێک لە پەرلەمانتارانى چوارچێوەى هەماهەنگی هێرش دەکەنە سەر بارزانى و حەلبوسی و بەوە تۆمەتاریان دەکەن کە کێشەیان خستووەتە ناو ماڵی شیعەوە، هاوکات بەرپرسیارییەتى ئاڵۆزبوونی دۆخەکە دەخەنە ئەستۆی ئەو دوو سەرکردەیە.
لەیەکەم دانیشتنى پەرلەمانی عێراق و درووستکردنى بەرەیەکى نوێ بۆ هەلبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان و پێکهێنانى حکوومەت و سەرکردەو پەرلەمانتارەکانى بەشێکى زۆر لە شیعەکان هێرش و رەخنەکانیان دەستی پێکرد بۆ سەر پارتى و بارزانى و حەلبووسی و خەمیس خەنجەر.