image


پەیامی کورد... فەڕەنسا و ئەڵمانیا بۆ سه‌رۆك بارزانی: بەردەوام دەبین لە پاڵپشتی و ھاوبەشی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان

لە سەڵاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە هه‌ردوو باڵوێزی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق ده‌كات و هه‌ردوو باڵوێز ڕایانگه‌یاند بەلای ھەردوو وڵاتەوە، سەقامگیری و بووژانەوەی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی ھەیە و به‌رده‌وامیی پاڵپشتی و هاوبه‌شییان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یەکشەممە 22/1/2022، لە سەڵاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ئیریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و مارتین بێگەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا باڵوێزانی ھەردوو وڵات ئەوەیان خستەڕوو کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بە ھاوبەشی لەگەڵ یەکتر بایەخ بە بابەتە نێودەوڵەتییە گرنگەکان دەدەن، بە تایبەت بارودۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و بەلای ھەردوو وڵاتیشەوە سەقامگیری و بووژانەوەی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی ھەیە، هەروەها ئەوەشیان بە سەرۆک بارزانی گەیاند، کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بە نیازی ئەوەن سەنتەرێکی ھاوبەشی کولتووری لە قەڵای ھەولێر دابمەزرێنن، ئەویش بە مەبەستی پێشخستنی پەیوەندییە کولتووری و زانستی و میللییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند بە ھەماھەنگی و ھاوبەشیی نێوان ئەڵمانیا و فەڕەنسا لەمەڕ بابەتە نێودەوڵەتییەکان و بە بابەتێکی گرنگ و کاریگەری لەقەڵەم دا، سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ بڕیاری په‌رلەمانی ئەڵمانیا ھەبوو لە بەجینوسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی شنگال و بە ھەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی زانی.

داواشی کرد لە پێناو بەدیھاتنی دادپەروەری و ساڕێژکردنەوەی برینی خوشک و برایانی ئێزدیی وڵاتانی تری یەکێتی ئەوروپاش بڕیاری ھاوشێوە بدەن.

ھەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و دواپێشھاتەکانی ناو پڕوسەی سیاسی عێراق تاوتوێ کرا و پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی كوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان نیشان دا بەو کەشە ئیجابییەی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ لە ئارادایە و بە دەرفەتێکیان زانی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا.

بارودۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوو و شاندی میوان ئەوەیان دووپات کردەوە کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی و ھاوبەشی و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.

جێگەی ئاماژەپێکردنە لەو دیدارەدا ئۆلیڤیێ دیکۆتینی، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر ئامادە بوو.