
پەیامی کورد... زێلێنسکی: ''دۆخی بەرەی جەنگ سەختە''
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بانگەشەی ئەوەی کرد کە سوپای رووسیا بەردەوامە لە شکستی گەورە لە بەرەکانی جەنگ لە ناوچەی دۆنێتسک سەربە ئۆکراینا و رایگەیاند: ''دۆخی بەرەی جەنگ سەختە''.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە کاتەکانی شەو لە هەژماری خۆی لە تیلیگرام بڵاوی کردەوە، بەردەوامی جەنگی رووسیا-ئۆکراینای وەبیرهێنایەوە.
سەرۆکی ئوکراینا باسی لەوە کرد کە هێزەکانی رووسیا بەتایبەتی لە بەری دۆنێتسک هەوڵی پێشڕەوی دەدەن، بەڵام سوپای ئۆکراینا سەرکەوتووانە بەردەوامن لە شکاندنیان و گوتی: ''دۆخی بەرەی جەنگ سەختە''.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە ناوچەی دۆنێتسک سوپای رووسیا زیانی زۆری بەرکەوتووە و هێزەکانی ئۆکراینا رێگە نادەن یەکەکانی رووسیا پێشڕەوی بکەن.
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی هەروەها باسی لەوە کرد کە هێزەکانی رووسیا هەوڵ دەدەن ئەو ناوچانەی لە ڵوهانسک کۆنترۆلیان کردووە بەدەستیانەوە بمێنێتەوە و لە ناوچەی خارکێڤ و باشووری ئۆکرایناش پێشڕەوی بکەن.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی باسی لەوەیش کرد کە رووسیا بە دەستپێکردنی جەنگ لە ئۆکراینا تاوانێکی ئەنجام داوە، لەبەرئەوە بەچڕی هەوڵ دەدەن بۆ دادگاییکردنی بەرپرسانی باڵای سیاسیی و سەربازیی رووسیا.
گوتیشی: ''هاریکاریمان لەگەڵ دادگای سزای نێودەوڵەتییدا دروست کردووە و ئەو پەیوەندییەش زیاد دەکەین، بەڵام بە داخەوە ئامرازەکانی یاسای نێودەوڵەتیی کە ئێستا هەن بەس نین بۆ دادپەروەری''.
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بەپێویستی زانی دادگایەکی نێودەوڵەتی دروست بکرێت بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی لە ئۆکراینا جەنگیان دەست پێ کرد و گوتی: ''جگە لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، دادگایەکی تایبەت پێویستە بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی دەستدرێژییەکە لە ئەستۆ بگرێت. ئێمە هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی دادگایەکی لەو شێوەیە دروست بکەین''.