image

سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا، بەدوورخستنەوەی (هێربەرت رەیمند مکماستەر) راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا دانانی (جۆن بۆڵتن) لەجێگەی.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، گۆڕانکارییەکی دیکەی لەکابینەی حکومەتەکەیدا ئەنجامداو لەهەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوەو نوسیویەتی، بەخۆشحاڵیەوە رایدەگەینم لە (٩)ی نیسانی داهاتوووە، جۆن بۆڵتن دەبێتە راوێژکاری نوێی ئاسایشی نیشتیمانی.
ترەمپ، زۆر سوپاسی ئەو خزمەتەی کرد کە جەنڕاڵ هێربەرت رەیمن مکماستەر ئەنجامی داوە دەشڵێت، کارێکی زۆر باشی کردووە و هەمیشە وەکو هاوڕێم دەمێنێتەوە، لە (٩)ی نیسانەوە بەفەرمی دەستبەدەستکردنەکە ئەنجام دەدرێت.
جێگەی باسە، جۆن بۆڵتن وەکو دۆناڵد ترەمپ، یەکێکە لەو کەسانەی کە بەتەواوەتی دژی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێرانە کە لەساڵی (٢٠١٥)دا لەنێوان زلهێزەکانی جیهان و ئێراندا واژۆ کراوە،  ئەوەش بەمەبەستی ڕێگەگرتن لەئێران تاوەکو چەکی ناوەکیی بەدەست نەهێنێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، کە(١٣)ی ئەم مانگەدا سەرۆکی ئەمریکا (ڕیکس تیلەرسن)ی وەزیری دەرەوەی لەپۆستەکەی دوورخستووەتەوە و (مایک پۆمپیۆ) بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری لە شوێنی ئەو کردووەتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.