image


پەیامی کورد... ٢٥٠ تووشبووی ئاوڵەی مەیموون لە ١٨ وڵات تۆمارکراوە

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکوو ئێستا ٢٥٠ تووشبووی ئاوڵەی مەیموون لە ١٨ وڵات تۆمارکراون. بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، پۆرتوگال و چەند وڵاتێکی دیکە دەڵێن، زۆربەی تووشبووانیان پیاوە هاوڕەگەزخوازەکانن.

ڕاوێژکارێکی هەرە باڵای ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش ڕایگەیاندووە، نەخۆشییەکە بەهۆی دوو ئاهەنگی هاوڕەگەزخوازەکانەوە بڵاو بووەتەوە کە تێیاندا سێکسی بەکۆمەڵیان کردووە.

نەخۆشییەکە سەرەتا لە ساڵی ١٩٧٠ لە کۆنگۆ دۆزرایەوە. هەرچەندە ناوەکەی بە مەیموونەوە بەستراوەتەوە، بەڵام ئەو گیاندارە تاکە سەرچاوەی ڤایرۆسەکە نییە.

ڕۆزاموند لویس، سکرتێری بەشی مێکوتەکان گوتی، "زۆربەی ئەو گیاندارانەی کە دەکرێت تووشی ئاوڵەی مەیموون بن، لە خێزانی قرتێنەرەکانن. جورجی گەورەی گامبیا، مشکی دارستان و کتکە سمۆرە لەو جۆرە گیانلەبەرانەن کە دەکرێت دەردراو و پاشەڕۆکانیان بەر ئەو خەڵکانە بکەون کە دەچنە دارستان."

لەپاڵ سێکسی ناتەندروست، نەخۆشییەکە بە چەند ڕێگەیەکی دیکەش لەنێو مرۆڤدا دەگوازرێتەوە.

ئۆلۆیڤیا کاسیری، سەرۆکی تەندروستیی ناوچەی سکرامێنتۆ لە کالیفۆرنیا لەوبارەوە دەڵێت، "کەسی تووشبوو لە سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکانەوە تاوەکوو وشکبوونەوەی برینەکانی پێستی و لاچوونی پێستە وشکەکەی و دروستبوونی چینێکی نوێی پێست، نەخۆشییەکە بۆ کەسانی دیکە دەگوازێتەوە. گواستنەوە بە شێوەیەکی سەرەکی لەڕێگەی ئەو دڵۆپە گەورانەوە ڕوو دەدات کە لە کاتی هەناسەداندا دەردەپەڕن، یان لەڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ شلە دەردراوەکانی لەش، برینی پێست یان جل و نوێنی پیسبوو."