image

پەیامی کورد    ...   The National Interest : هەوڵەکانی تورکیا بۆ کڕینی چەک و چۆڵی پێشکەوتوو تەنیا بۆ لێدانی گەلی کوردە

گۆڤاری "نەشناڵ ئینترێست"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ‌هێرشی تووندی کردوەتە سەر موستەفا کازمی سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەری عێڕاق بەوەی لەبەرانبەر هێرشە سەربازییەکانی تورکیا بۆناو خاکی عێراق لاواز و کەمتەرخەم بووە، هەروەک جەختیشی کردوەتەوە کە هەوڵەکانی تورکیا بۆ کڕینی چەک و چۆڵی پێشکەوتوو تەنیا بۆ لێدانی گەلی کوردە.

لەراپۆرتەکەدا هاتووە: عێراق بەشێوەی رۆژانە لەلایەن تورکیاوە هێرشی دەکرێتەسەر، لەکاتێکیشدا تورکیا داوای فڕۆکەی F-16 ی زیاتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات، ئەوە ئەو چەکانە بۆ لێدان لە پێگەکانی داعش یان بۆ بەرگریکردن لە سنوورەکانی خۆی بەکارناهێنێت، بەڵکو بۆ لێدان و بەئامانجگرتنی جوتیار و گوندنشینانی کورد و ئێزیدییەکانی شەنگالە.

هەروەک دەڵێت: کازمی هەموو دەرفەتەکانی لەدەست خۆیدا، لەبەرئەوەی هەوڵەکانی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی وایانکردووە لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییە گەندەڵانەدا ڕێکبکەوێت کە چاکسازیکردن لە گەندەڵییەکانیان تاکە شەرعیەتی سیاسی ئەو بوون، جگە لەوەی ئەو گەندەڵییەی ئێستا هەیە زۆر لەو کاتە خراپترە کە کازمی پۆستەکەی تێدا وەگرت.

ئەوەش هاتووە: دەبێت کازمی دەست بەجوڵە بکات و لە مەترسییەکانی تورکیا تێبگات، لەبەرئەوەی تورکیا چووە قوبرس و نەکشایەوە و چووە سوریا و نەکشایەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە ڕق و رەگەزپەرستیی قەومیی پاڵنەری سەرەکیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیایە دژ بە گەلی کورد، نەوەک بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە شەنگال و ناوچەکانی تر.

لەکۆتایی راپۆرتەکەی گۆڤارە ئەمەریکییەکەدا هاتووە کە سەربەخۆیی دەستووریی هەرێمی کوردستان لەڕێگای خۆبەڕێوەبەرییەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەبێت خاکی عێڕاق بە وڵاتانی بیانی بفرۆشێت.