image


پەیامی کورد... تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە زۆریی ژمارەی تووشبوونی منداڵان بە نەخۆشیی جگەر دەدات

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی تۆمارکردنی زیاتر لە ٩٢٠ تووشبووی منداڵ بە هەوکردنی جگەر ڕاگەیاندووە، لە ٣٣ وڵاتی جیهان ئەویش بە زیادبوونی ٢٧٠ حاڵەت بەراورد بە مانگی ئایار.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاندووە، نیوەی حاڵەتە تۆمارکراوەکانی نەخۆشیی هەوکردنی جگەر لە ناوچەی ئەورووپایە، لە بەریتانیا ٢٦٧ حاڵەت تۆمارکراوە و یەک لەسەر سێی حاڵەتەکانیش لە ئەمریکا بووە

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە دەسەڵاتی تەندروستیی وڵاتانی جیهان دەبێت بەدواداچوونی جددی سەبارەت بە زۆربوونی ژمارەی تووشبوونی منداڵ بە هەوکردنی جگەر بکەن.

نەخۆشیی هەوکردنی جگەر کە تا ئێستا بە تەواوی ڕوون نییە هۆکارەکەی چییە، بۆ یەکەم جار لە مانگی نیساندا لە بەریتانیا بڵاو بووەوە و دواتر دەیان وڵاتی دیکەش حاڵەتی تووشبوونی منداڵانیان بە نەخۆشییەکە تۆمار کرد.

هەوکردنی جگەر نەخۆشییەکە خانەکانی جگەر دەکاتە ئامانج و دەکرێت ببێتە هۆی تێکشکان و لەناوبردنی خانەکانی.

لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا کەسی تووشبوو نیشانەی ڕوونی نەخۆشییەکەی نییە، لە هەندێکیاندا هەستکردن با ئازاری سک، دڵتێکهەڵاتن و ڕشانەوە هەیە هەروەها لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، وشکبوونەوە و پیسایی ڕەنگ تۆخ نیشانەی نەخۆشییەکەن لە هەندێک حاڵەتدا.