
پەیامی کورد... پۆتین به ئیمزایهك سهدا 15ی ئۆكرانیای خسته سهر ڕوسیا
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیا بە فەڕمی لکاندنی زیاتر لە سەدا 15 ی خاکی ئۆکرانیای بە ڕوسیاوە تەواو کرد، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ڕوسیا شەڕ دەکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشە پێچەوانەکەی هێزەکانی ئۆکرانیا.
پوتن چەند یاسایەکی واژۆ کرد کە تیایدا ' کۆماری گەلی دۆنێتسک و کۆماری گەلی لوهانسک ' و هەرێمی خێرسۆن و هەرێمی زاپۆریژای ئۆکرانیا دەخاتە سەر ڕوسیا.
پەرلەمانی ڕوسیا وتی " سەرۆک ڤلادیمیر پوتن چوار یاسای دەستووریی فیدڕاڵی واژۆ کردووە لەسەر لکاندنی کۆمارەکانی گەلانی دۆنێتسک و لوهانسک و هەرێمەکانی خێرسۆن و زاپۆریژا بە فیدراسیۆنی ڕوسیاوە."
دوای ئەوەی کۆمەڵێک ڕیفراندۆمی لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیادا ئەنجامدا، ڕوسیا لکاندنی ناوچەکانی ئۆکرانیای بە ڕوسیاوە ڕاگەیاند. وڵاتانی ڕۆژئاوا و کیێڤ دەڵێن دەنگدانەکە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بوون و زۆرەملێ و بەبێ نوێنەر ئەنجام دراون.
ئەو ناوچانەی کە لکێندراون بە ڕوسیاوە بە تەواوەتی لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ڕوسیادا نین کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی هێرشە پێچەوانەکەی هێزەکانی ئۆکرانیا بوونەتەوە.
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێزەکانی ڕوسیا لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کشانەوە و لەو ناوچانەشدا لە ژێر فشارەکانی هێرشە پێچەوانەکەی هێزەکانی ئۆکرانیادا بوون.
لە ساڵی 2014 دا پوتن نیمچە دوورگەی کرایمییەی بە ڕوسیاوە لکاند، لەگەڵ کرایمییەدا ئێستا ڕوسیا زیاتر لە سەدا 22 ی خاکی ئۆکرانیای خستۆتە سەر ڕوسیا، بەڵام هێشتا بە دیاریکراوی سنوورەکانی ئەو چوار هەرێمەی لکاندوونی بە ڕوسیاوە ڕوون نەبۆتەوە.