image

شاندێك لەهەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریكا سەردانی شاری مێنبەجی باكووری سوریایان كردو لەوێ لەگەڵ كاربەدەستانی شارەكە كۆبوونەوە.

شاندەكە، كە پـێكهاتبوو لە هەریەك لە باڵیۆز ویلیام ڕۆبەك، ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا‌ و جەنەڕاڵ جیمی جێرارد، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكانی هاوپەیمانان لەعێراق‌و سووریا كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ ئیبراهیم قەفتان و زەینەب قەنبەر هەردوو هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری شاری منبەج ئەنجامداوە، ئەوەش لەرۆژی پێنج شەممە.

ئیبراهیم قەفتان لە لێدوانێكیدا وتی: پەیامی ئەم شاندەی ئەمریكا بۆ خەڵكی مێنبەج ئەوەیە “ئێمە لەگەڵتانداین لەسەر منبەج مەترسن‌و سەلامەت و ئارامە”، ئەمەش ئەوەیە، كە خەڵكی و بەڕێوەبەرایەتی شارەكە دەیانەوێت.

هەروەها ئیبراهیم قەفتان وتی “ئەمە دڵنیایی دەدات، كە سیناریۆكەی عەفرین لێرە ڕوونادات”.

جێی ئاماژەیە لەگەڵ دەسـتپـێكردنی ئۆپراسیۆنە لەشكریـیەكەی توركیا بۆ سەر عەفرین لە 20 ی مانگی یەك، سەربازانی ڕووسی لە خاڵەكانی چاودێری عەفرین كشانەوە، چاودێران دەڵێن توركیا بەبێ بوونی گڵۆپی سەوز لە لایەن مۆسكۆوە نەیدەتوانی هێرشی سەر عەفرین ئەنجام بدات، كە ئەو ووڵاتە ئێستاش هەڕەشە لەمێنبەجیش دەكات.