image


پەیامی کورد … سەرۆک‌وەزیرانی تاڵیبان: تا پێکهێنانی نیزامێکی ئیسلامی لە ئەفغانستاندا شەڕ دەکەین

مەلا حەسەن ئاخوند لە یەکەمین بەیاننامەی خۆیدا، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە تا پێکهێنانی نیزامێکی ئیسلامی لە ئەفغانستان درێژە بە شەڕ دەدەین، داوای لە هاووڵاتییانی ئەفغانستان کردووە کە بۆ ئەوەیکە خودا ناڕازیی نەبێ، ڕووبەڕووی گرووپی تاڵیبان نەبنەوە.

مەلا حەسەن ئاخوند، سەرۆک‌وەزیرانی کاتیی تاڵیبان، ڕۆژی شەممە ٦ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا کە لە ڕێگەی تەلەفیزیۆنی نەتەوەیی ئەفغانستانەوە بڵاو کرایەوە، وتی: “لە ئیستادا کۆتاییمان بە دەسەڵاتی داگیرکەر لە ئەفغانستاندا هێناوە، بەڵام تا ئەو کاتەی نیزامێکی ئیسلامی لەسەر دەستی گرووپی تاڵیبان لە ئەفغانستان جێگیر دەکەین، درێژە بە شەڕ دەدەین و نابێ هاووڵاتییانی ئەفغانستان ڕووبەڕووی گرووپی تاڵیبان ببنەوە.”

ناوبراو لە درێژەی بەیاننامەکەیدا داوای لە وڵاتانی ڕۆژاوایی بە تایبەتی ئەمریکا کردووە کە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەفغانستان نەکەن و وتی: “ئێمەش بەڵێن دەدەین دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی هیچ وڵاتێک نەکەین.”

سەرۆک‌وەزیرانی کاتیی تاڵیبان لە کۆتاییدا وتی: “ئێمە تەنیا ئامانجمان لە ئەفغانستان، دامەزراندنی نیزامێکی ئیسلامییە و دەمانهەوێت پێوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر بە باشی بچێتە پێشەوە و هەروەها داوا دەکەین کە پارە بلۆکەکراوەکانمان ئازاد بکرێ کە یارمەتیدەرێکی گەوەرە دەبێ بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی ئەفغانستان.