image

پەیامی کورد     ...    سەبارەت بە ڕوودانی شەڕ لە ئێران هۆشداری دەدرێت

هۆشداری “گرووپی نێونەتەوەیی قەیران”: شکستی وتووێژەکانی ڤییەننا لەوانە ببێتە هۆی ڕوودانی هێرشی سەربازی

گرووپی نێونەتەوەیی قەیران سەبارەت بە بەئاکام نەگەیشتنی وتووێژەکانی بەرجام هۆشداری دا کە ئەگەری ئەوە هەیە هێرشی سەربازی ڕوو بدا.

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی جانیوەری ، ڕێکخراوی “گرووپی نێونەتەوەیی قەیران” لە ڕاپۆرتێکی نوێدا هۆشداری داوە کە ئەگەر ئێران و ووڵاتانی جیهان لە وتووێژەکانی ڤییەننا بۆ بووژانەوەی “بەرجام” بە بەرەوپێشچوونێکی واتادار نەگەن، بەرجام بە زووترین کات دەگاتە خاڵی کۆتایی و ئەگەری ئەوە دێتە ئاراوە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانەکانی هێرشی سەربازی بکەنە سەر ئەو ووڵاتە و لە بەرامبەریشدا ڕێژیمی ئێران سەرەڕۆیی و ئالۆزییەکانی لە ناوچەکە پەرە پێ‌بدا و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرزتر بکاتەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، ڕۆژ بە ڕۆژ بەربڵاوتر دەبێ و زیاتر پەرە دەستێنێ.

هەر لەو پەیوەندییەدا “گرووپی نێونەتەوەیی قەیران” دەڵێ: “کۆنەپارێزانی دەسەڵاتدار لە ئێراندا لە سوود و بایەخەکانی بەرجام گومانیان هەیە و لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئابووری ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ئەو گەمارۆیانەی کە ئەمریکا بە سەر ئەو ووڵاتەی داسەپاندووە و هەروەها گشتگیری پەتای کۆرۆنا، بە باشی لەو دۆخە تێپەڕ بووە کە ئەو ڕوانینەی ڕێژیمی ئێران تەواو بەپێچەوانەیە و پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەتوانێ پەیوەندی نێوان ئێران لەگەڵ چین و ڕووسیاش بەرەو لاوازی ببات.

لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران هاوکات دەبێ هەوڵە ئەتۆمییەکانی بەتایبەت پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی زۆر و هەروەها دانانی سانتریفیوژی پێشکەوتوو و بەرهەمهێنانی کانزای یۆرانیۆم کەم بکاتەوە.
شایانی باسە کە دەوری هەشتەمی وتووێژەکانی ڤییەن بۆ بووژانەوەی بەرجام زیاتر لە یەک مانگە دەستی پێکردووە و تا ئێستا ئاکامیكی دڵخۆشکەری بۆ لایەنەکانی بەشدار نەبووە.