image


پەیامی کورد... پەرلەمانی ئۆکراینا بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ئەدەبی میوزیکی ڕووسیای قەدەغە کرد

پەرلەمانتارێکی ئۆکراینا ڕایگەیاند، بە زۆرینەی دەنگی تەواوی ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەی، پرۆژە یاسایەکیان بۆ قەدەغەکردنی بەرهەمی میوزیک و ئەدەبیاتی ڕووسیا و بێلاڕووسی تێپەڕاندوە و "ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمانە لە تەواوی ئۆکراینا نادرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، یۆرۆسڵاڤ زلێنزیاک، پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئۆکراینا ڕایگەیاند، بە زۆرینەی دەنگ و بە دەنگی تەواوی ئەندامانی پەرلەمان یاسایەکیان بۆ قەدەغەکردنی کتێب، ئەدەبیات و میوزیکی ڕووسی تێ پەڕاند.

وتیشی، "پەرلەمانی وڵاتەکەمان بە شێوەیەکی فەرمی هاوردەکردنی کتێب و بەرهەمە ئەدەبییەکانی ڕووسیای بە شێوەیەکی گشتی قەدەغەکرد و ڕێگریش لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی ڕووسیا لەو ناوچانە دەکرێت کە بە شێوەیەکی کاتی لەلایەن هێزەکانی ڕوسیاوە کۆنترۆڵکراون".

ئەو پەرلەمانتارەی ئۆکراینا باسی لەوەشکردوە، "بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە موزیک و بەرهەمەکانی ڕووسیا و بێلاڕووسیش لە نێو خاکی وڵاتەکەمان نادەین و جارێکی دیکە بەرهەمەکانی وڵاتەکەمان بە گوێی خوێنەر و هاووڵاتییان، گەنج و ڕۆڵەکانمان دەدەین".

ئەمە لە کاتێکدایە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئۆکراینا بە شێوەیەکی نادروست دەیانەوێت هەرچی ئەدەبیات و هونەری ڕووسیایە بە تەواوەتی بسڕنەوە، بەڵام ڕووسیا دەیەوێت وەک هاوڕێیەک لە ئۆکراینا بڕوانێت بەبێ ئەوەی زمان و ئەدەبی ڕووسی هەڵپەسێرێت و قەدەغەی بکات.