image


پەیامی کورد... ئەگەری ئەوە هەیە ترەمپ سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێت

گۆڤارێکی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە ئەنجامدانی چەندین تاوان بەپێی یاسای سیخوڕی، ئەگەری هەیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ١٠ ساڵ زیندانی بکرێت.

گۆڤاری "نیوزویک" بڵاوی کردووەتەوە، تاوەکوو ئێستا هیچ تۆمەتێک ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ نەکراوە، بەڵام قسەوباس لەسەر هەنگاوەکانی وەزارەتی داد هەیە لەو بارەیەوە، ئەوەش دوای ئاشکراکردنی چەندین بەڵگەنامە، کاتێک پۆلیسی فیدراڵی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی لە فلۆریدا.

گۆڤارەکە باسی لەوەش کردووە، ئەوە ئاشکرا کراوە کە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە بە تۆمەتی پێشێلکاری لە یاسای سیخوڕیکردن، ئەوەش سەرەڕای پێشێلکردنی چەندین یاسای تری ئەمریکی.

نیوزویک ئەوەشی نەشاردووەتەوە، بەپێی یاسای سیخوڕی کە ساڵی ١٩١٧ دەرکراوە، تۆمەتبار ئەگەر تۆمەتەکەی بەسەردا ساغبویەوە، ئەوا سزای دارایی دەدرێت یاخود بۆ ماوەی ١٠ ساڵ زیندانی دەکرێت یاخود هەردووکیان، ئەگەر تۆمەتبار خراپ مامەڵەی لەگەڵ زانیارییە بەرگرییەکانی وڵات کردبوو.