
پەیامی کورد... ئێران؛ لە ٢٤ کاتژمێردا کۆرۆنا ٨٣ قوربانی لێکەوتەوە
بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری تاوەکوو نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠١، ٨٣ هاووڵاتی لەو وڵاتەدا بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە.
لەو ڕاپۆرتەکەدا هەروەها ئاشکرا کراوە، کە لەو ماوەیەدا شەش هەزار و ٣٠٠ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئێران تۆمارکراوە کە نزیکەی ٨٠٠ لەوان لە نەخۆشخانەکاندا خەوێندراون.
بەمەش ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان ٧ ملیۆن و ٤٧٥ هەزار کەسی تێپەڕ کرد.
ئاماری ڕەسمی ژمارەی کۆی گیان بەختکردووانی کۆرۆنا لە ئێران بە ١٤٣ هەزار کەس ڕادەگەیەنێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، چاودێرانی سەربەخۆ و هەندێک لە بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی تەندروستی ئێران تاوەکوو ئێستا چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ژمارەی ڕاستیی قوربانیان و تووشبووانی کۆرۆنا دوو بۆ چوار ئەوەندەی ئامارە فەرمییەکانە.
ڕێژەی تووشبوون و گیان لەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا بەتایبەتی لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا و بە دەست پێکردنی مانگی موحەڕڕەم و ڕێپێوانی دەستە تازیەبارەکان بەبێ ڕەچاوکردنی پرۆتۆکۆلە تەندروستییەکان هەڵکشاوە.
بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی پارێزگای خووزستان پێشبینیی کردووە کە ڕێژەی هاتووچۆکان لە سنووری ئەو پارێزگایە لەگەڵ عێراق، موحەڕڕەمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ١٣٩٨ ئەوەندەی ١٠٠٪ زیاد دەکات.
ئەمەش بەو هۆیەوەیە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی ئێرانی لە مانگی موحەڕڕەمدا بەمەبەستی بەشداربوون لە تازیەی ڕۆژانی تاسووعا و عاشوورو ا ئەربەعیندا دەچنە شارە مەزهەبییەکانی عێراق، لەوانە کەربەلا، نەجەف و سامەڕا.
"داریوش ئەمانی"، جێگری وەزیری ڕێگاوبانی ئێران وتوویەتی، ئەمساڵ بە بۆنەی ئەربەعینەوە زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس لە سنوورەکانی ئێران دەرباز دەبن و ئەمەش پێنج بۆ هەشت ئەوەندەی ساڵانی ڕابردووە.