image


پەیامی کورد... ئێران بۆ جاری سێیەم مانگی دەستكرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەكات


وەزیری پەیوەندیی و تەكنەلۆجیای زانیاریی ئێران ڕایده‌گه‌یه‌نێت، سێیەمین مانگی دەستكرد بۆ بۆشایی ئاسمان ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت.

عیسا زارع پور، وەزیری پەیوەندیی و تەكنەلۆجیای زانیاریی ئێران، لە پەیامێكدا رایگەیاند: مانگی دەستكردی تۆماری سەربازیی كە لەلایەن هێزەكانی ئاسمانی - بۆشایی ئاسمانی سوپای پاسدارانەوە پەرەی پێدراوە، بە مووشەكی "قەسد" رەوانەی بۆشایی ئاسمان كرا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، مانگە دەستكردەكە، ناوی "نوور-٣"ی لێنراوە، بە سەركەوتوویی لە خولگەكەی كە ٤٥٠ كیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە، جێگیر بووە".

كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمە سێیەمین مانگی دەستكردە كە رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەكات، لە شوباتی ٢٠٠٩دا یەكەم مانگی دەستكردنی ناوخۆی رەوانەی بۆشایی ئاسمان كرد، دوابەدوای ئەویش لە نیسانی ٢٠٢٠دا یەكەم مانگی دەستكردنی سەربازیی بەناوی "نوور-١" ڕەوانە كرد، لەمانگی ئاداری ٢٠٢٢یشدا مانگێكی دیكەی سەربازیی بەناوی "نوور-٢" ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان كرد و لە خولگەكەی كە ٥٠٠ كیلۆمەتر لە زەویەوە دوور بوو، جێگیر كرا.