image

دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئاکەپە وتی "لەکاتێکدا میللەتەکەم پێم بڵێن بەسە، ئەوکاتە واز دەهێنین"، دواتر ئۆپۆزسیۆن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەمپینی ‘تەواو’ یان دەستپێکرد. تاکو ئێستا 2 ملیۆن تویت بە هاشتاگی ‘تەواو’ (TAMAM#) بڵاوکراوەتەوە. هەروەها بارش یارکاداش پەرلەمانتاری جەهەپە ڕایگەیاند کە ئاکەپە دژی کەمپینەکە، کەمپینی ‘بەردەوام’ یان دەستپێکردووە و لە ئەنجامدا نزیکەی 300 هەزار بڵاوکراوەی تویتەر لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە سڕایەوە.

یارکاداش وتی "ئاکەپە کەمپینی ‘بەردەوام’ یان دەستپێکرد و لەڕێی هەژماری ساختەوە 300 هەزار تویت بڵاکرایەوە. دوای ئەمە تویتەر ئەو 300 هەزار تویتە ساختەیەی سڕییەوە. بەم شێوەیە کەمپینەکەی ئاکەپە شکستی هێنا. 

کاندیدەکانی جەهەپە و ئی پارتی و سەعادەت و هەدەپەش بەشداری کەمپینی ‘تەواو’ یان کرد و هەزاران کەسی دیکەش بەو هاشتاگە تویتیان بڵاوکردەوە. دوای ماوەیەکی کەم هاشتاگەکە بووە یەکەم لە جیهاندا. تاکو ئێستا نزیکەی 2 ملیۆن تویت بە هاشتاگەکە کراوە. کەمال کڵچدارئۆغلو سەرۆکی جەهەپە لە وەڵامی ئەردۆغاندا وتی "لە 24 ی حوزەیراندا کارەکە تەواوە". موحەرەم ئینجەش کاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆکایەتی نووسی "کاتەکە تەواوە". مێرال ئاکشێنێریش کاندیدی ئیی پارتی وتی "تەواو، تورکیا باش دەبێت". سەلاحەدین دەمیرتاش کاندیدی هەدەپەش لە تویتێکدا وتی "قۆرییەکەم تێکچووبوو، لەبەر ئەوە درەنگ کەوتم، تەواو".

 هەروەها بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان  پێشنییازیان کرد پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دروشمی ‘تەواو’ لە هەڵبژاردنەکاندا بەکاربهێنن.