image


پەیامی کورد … پێنج پێشنیاری ئێران بۆ بەشداری لە دانوستانه ئەتۆمییەکان

بەرپرسێکی ئەوروپا رایگەیاند دانوستانە ئەتۆمییەکانی ڤیەننا دەست پێدەکاتەوە و ئێران بە پێنج پێشنیاری نوێ بەشداریی دانوستانەکان دەکات.

ئێنریکی مۆرا، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئاشکرای کردوە خولی حەوتەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا رۆژی پێنجشەممە دەست پێدەکاتەوە و ئێران دوای رەتکرانەوەی دو پێشنیاری رابردوی، بە پێنج پێشنیاری نوێوە بەشداریی دانوستانەکان دەکات.

هەفتەی رابردو خولی حەوتەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی بەشداربوانی رێککەوتنی ئەتۆمیی بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی داواکارییەکانی ئێران لە چوارچێوەی دو پاکەیجدا ناڕەزایەتیی ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەڕەنسای لێکەوتەوە و نوێنەری چین لەو دانوستانانەدا داوای کرد ئێران ئاستی داواکارییەکانی بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی کەم بکاتەوە.

ئێران لە کۆبونەوەی پێنجەمی خولی حەوتەمی دانوستانەکانی ڤیەننا کە ئەمریکا بە ناڕاستەوخۆ بەشدارە تێیدا، داوای لە واشنتۆن کردبو دڵنیایی بداتە تاران کە جارێکی دیکە هاوشێوەی ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ناکشێتەوە و ئەمریکاش ئەو داوایەى ئێرانی رەت کردەوە و رایگەیاند واشنتۆن خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئامادە دەکات.