image

پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا چووە قۆناغێکی نوێوە و گرژی و ئاڵۆزی بەخۆوە بینی، دوێنێ یەکەم دانیشتنی تایبەت بە سزادانی تورکیا و سەپاندنی ئابڵوقەی سەربازی بەسەر ئەو وڵاتەدا لە کۆنگرێسی ئەمریکا ئەنجامدرا.

 

لە ئێستادا کۆنگرێسی ئەمریکا ئامادەکاریی دەکات بۆ سەپاندنی ئابڵوقەی سەربازی بەسەر تورکیا دا و ڕاگرتنی هەموو ئەو مامەڵە سەربازییانەی کە وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا هەیەتی بۆ فرۆشتنی چەک و سیستەمی بەرگری و کەرەستەی سەربازیی بەو وڵاتە. هەفتەی ڕابردووش هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە ئامادەکارییاکەنای وڵاتەکەی کردبوو بۆ سزادانیی تورکیا و چاوەڕوان دەکرێت لە بەردەوامیی مایک پمپۆیۆ وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەو سزا چاوەڕوانکراوانە بچنە بواری جێبەجێ کردنەوە.

شایەنی باسە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم هەنگاوەی ئەمریکا، ڕێککەوتنی تورکیایە لەگەڵ ڕوسیا بۆ کڕینی سیستەمی دژە مووشەکیی S-400 لەو وڵاتە، چونکە سەرەڕای ئاگادارکردنوەی تورکیا لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانیەتیی ناتۆوە سەبارەت بەو مامەڵەیەی تورکیا لەگەڵ ڕوسیادا، بەڵام  تورکا سووربوونی خۆی لەسەر ئەو بابەتە دەربڕی. بۆیە چاوەڕێ دەکرێت کە ئەمریکا مامەڵەی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا بۆ فرۆشتنی چەک و سیستەمەکانی وەک؛ (فڕۆکەی سەربازیی F-16 ، سیستەمی پاتریۆتی دژە مووشەکی، هەیکۆپتەری جۆری CH-47 w AH01) بەو وڵاتە ڕابگرێت.

سەبارەت بەو هەنگاوانەی ئەمریکا و ئەگەری ڕاگرتنی مامەڵەی فرۆشتنی چەکی وڵاتەکەی بە تورکیا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەولود چاوشئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەمریکا کارێکی لەو جۆرە بکات، وەڵامی خۆی لە تورکیا وەردەگرێت.

بەگوێرەی یاساکانی ئەمریکا، پاش پەسەند کردنی سزاکان لەلایەن کۆنگرێسەوە، پێویستە لەماوەی 60 ڕۆژدا وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئەو وڵاتە خوێندنەوە بۆ سزاکان بکات و کاریان لەسەر بکات، دواتریش ماوەی 60 ڕۆژ دەدرێت بە وڵاتی سزادراو کە وەڵام و ڕوونکردنەوەی خۆی پێشکەش بکات و دواتر بڕیاری کۆتایی لەبارەی سزاکانەوە دەدرێت.