
پەیامی کورد... ئەمریکا: نیگەرانین لە بەردەوامی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا
مایکڵ مکۆڵ سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتن نیگەرانە لە بەردەوامی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و داوا دەکات کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
مایکڵ مکۆڵ لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی نووسیویەتی، پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەرفەتێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرەوپێشچونی زیاتر لە سەرجەم بوارەکاندا.
وتوشیەتی، پێویستە بەغدا و هەرێمی کوردستان پابەندبن بە پێکەوە کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان کە ماوەیەکی دوورودرێژە بەردەوامی هەیە، بەتایبەتی ئەو کێشانەی پەیوەستن بە سەرچاوە سروشتییەوەکانەوە.
مکۆڵ جەختی لەوەش کردووەتەوە، نیگەرانە لە بڕیارەکەی ئەم دوایەی دادگای فیدراڵی عێراق کە نوێبوونەوەی گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای بەدواداهات، واتای ئەوەیە متمانە لەنێوان هەرێم و بەغدا لەژێر هەڕەشەدایە، ئەوەش لە کاتێکدایە هاووڵاتییانی عێراق بە گشتی ڕوبەڕوی چەندین ئاستەنگی و دۆخی سەختی ژیان بوونەتەوە.