image

سارا سەندەرز، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند لە ڕاستای پێشگیری لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، ئەمریکا جیا لە وەگەڕخستنەوەی هەموو گەمارۆ ڕاگیراوەکانی سەر ئێران، هەتا هەفتەی داهاتوو کۆمەڵێک گەمارۆی نوێش ئامادە دەکات.



دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، شەوی سێشەممە 8ی ئایاری 2018، لە لێدوانێکی کورتدا ئاشکرای کرد واشنتۆن بە فەرمی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران دەکشێتەوە و هاوکات جیا لە گەڕاندنەوەی هەموو گەماروە ڕاگیراوەکان، سزای نوێش بەسەر تاراندا دەسەپێنێت.
 بە پێی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، واشنتۆن گەمارۆ نوێیەکانی سەر ئێران وەگەڕ دەخاتەوە و خۆشی بۆ سزای نوێی سەر ئیران ئامادە دەکات، بەڵام بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا ئاشکرایان کردووە هەتا کاتێک ئێران پابەندی ئەو ڕێککەوتنە بێت، یەکێتیی ئەورووپا گەمارۆ و سزاکانی خۆی بۆ سەر ئێران نوێ ناکاتەوە.

یەکێتیی ئەورووپا بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک پابەندبوونی خۆیان بە ڕێککەوتننامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندووە و جەختی کردووەتەوە ئەو ڕێککەوتنە کلیلی چارەسەریی هەندێ گرێکوێرەی پرسی جیهانییە و هاوکات بۆ ئاسایشی ناوچەکەش گرنگە.

شایانی باسە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوەی کشانەوەی ئەمریکای لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی ڕاگەیاند، لە ئێستاشدا هەڕەشە لە حکومەتی تاران دەکات.

ترەمپ لە ڕونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە وتی، "ئێران دەبێت گفتوگۆ بکات یان شتێك ڕودەدات. ئەگەر ئێران دەست بکاتەوە بە بەرهەمهێنانی ئەتۆمی، ئەنجامی قورسی دەبێت".