image


پەیامی کورد... ئەمریکا دەست بەسەر بارێک نەوتی ئێراندا دەگرێت

سێ سەرچاوەی ئاگادار ڕایانگەیاند ئەمریکا دەستی بەسەر بارێکی نەوتی ئێرانیدا گرتووە کە لەناو کەشتییەکی نزیکی یۆناندا بووە، کە لەلایەن ڕووسیاوە بەڕێوە دە برێت، و بڕیارە بارەکە بە کەشتییەکی دیکە ڕەوانەی ئەمریکا بکات.

دەسەڵاتدارانی یۆنان مانگی ڕابردوو ڕایانگەیاند لە لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی ئێڤیای باشووری وڵاتەکەیان دەستیان بەسەر کەشتییەک بەناوی "پێگاس"دا گرت کە ئاڵای ئێرانی لەسەر بووە و ١٩ کەسی ڕووسی تێدا بووە. هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەیان بۆ سزاکانی یەکێتی ئەورووپا گەڕاندووە.

دواتر بەهۆی ناڕوونییەوە سەبارەت بە سزاکان کەشتییەکە ئازاد کرا.

ئەو تانکەرە لە یەکی مانگی سێوە ناوی بۆ "لانە" گۆڕاوە و لە ١ی پێنجەوە ئاڵای ئێرانی پێوەیە. لەو کاتەوە تا ئێستا لە نزیک ئاوەکانی یۆنان ماوەتەوە. پێشتر ئاڵای ڕووسیای لەسەر بوو.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کەشتیوانی یۆنان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە وەزارەتی دادی ئەمریکا "یۆنانی ئاگادار کردووەتەوە کە باری سەر کەشتییەکە نەوتی ئێرانە".

سەرچاوەکە گوتیشی، "بارەکە گوازراوەتەوە بۆ کەشتییەکی دیکە کە لەلایەن ئەمریکاوە بە کرێ گیراوە، " بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتە ڕوو.