image


پەیامی کورد... ئەمریکا بڕی ١٣٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە سودان دەکات


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند؛ بڕی ١٣٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی لەلایەن ئەمریکاوە دابەشدەکرێت بەسەر ئەو کەسانەی بە هۆی ململانێکانی سودانەوە زیانیان بەرکەوتووە.


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند؛ لە رێگەی ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بڕی ١٣٠ ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری مرۆیی بەسەر ئەو کەسانەدا دابەشدەکرێت کە بۆهۆی قەیرانی بەردەوامی سودانەوە زیانیان بەرکەوتووە.


ئاماژەی بەوەشکرد، کۆی هاوکارییە مرۆییەکانی ئەمریکا بۆ خەڵکی سودان و وڵاتانی دراوسێی کە پاڵپشتی پەنابەرانی سودان دەکەن دەگاتە ٨٤٠ ملیۆن دۆلار.


ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نزیکەی ٢٥ ملیۆن کەس کە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکەیە پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی ڕزگارکردنی ژیانیان هەیە.


باسی لەوەشکرد، پێداویستییە تەندروستییە فریاگوزاریەکان لە زیادبووندان ، چونکە زیاتر لە ٨٠٪ی نەخۆشخانەکانی سودان بەهۆی کردنە ئامانجیان لە هێرشەکاندا توانای خزمەتگوزارییان نەماوە.


لە ١٥ی نیسانی ئەمساڵەوە شەڕی ناوخۆ لەنێوان سوپای سودان و هێزی پاڵپشتی خێرادا دەستیپێکردووە و تا ئێستا نزیکەی ٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و٤ ملیۆن و٦٠٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون.


بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، بەهۆی ململانێ چەکدارییەکانی ناوخۆی سودانەوە زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس ئاوارە بوون و نزیکەی ٢ ملیۆن منداڵیش لە کەسوکاریان دوورخراونەتەوە.