image

نووری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا له‌گه‌ل كه‌نالى "شه‌رقیه‌ نیوز" بەتوندی هەڕەشەی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی كردو وتى" ئەگەر یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بكرێت و تانەی لێ بگیرێت، شەڕی ناوخۆیی دروست دەبێت.

مالیكی ئاماژەی بەوەدا كە شەڕی ناوخۆیی لە دوو باردا دروست دەبێت، یەكێكیان ئەگەر سەرژمێری بكرێ و ئەنجامەكان جێی ڕەزامەندی دانیشتووان نەبێ، شەڕی ناوخۆیی دروست دەبێت، لە دوای هەڵبژاردنیش ئەگەر ئەنجامەكان ڕەخنەی لێ بگیرێ و قبووڵ نەكرێ، شەڕی ناوخۆیی دروست دەبێ، منیش نامەوێ شەڕی ناوخۆیی بەهۆی هەڵبژاردنەوە دروست بێت.

هەروەها گوتی" دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە گەرەنتی سەد لەسەد بەئێمە بدرێ، دەستكاری ئەنجامەكانی هەڵبژاردن نەكەن، بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆ درووست نەبێت".

ئەم هەڕەشەیەی مالیكی لە كاتێكدایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە ڕۆژی شەممەی داهاتوودا، هەریەك لە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحی میلیشیا شیعیەكان و حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر ڕكابەری دەكەن بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ و دواتریش وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق.

ئەو لێدوانەی نوری مالیکی لەکاتێک دایە، کە ڕۆژی 12/5/2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەموو شارەکانی ئەو ووڵاتە و هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

چاودێران باس لەوە دەکەن، مالیکی، كه‌ لە ساڵی 2006-2014 سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، لەم هەڵبژاردنەدا ناتوانێ زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێتەوە، بەهۆی ئەوەی لە دەسەڵات نەماوە و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێستای ووڵاتەکەی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ڕکابەرییەکی سەختی دەکەن.