image

لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، دادگای هەمیشەیی خەڵک، لە سەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامیان دراون، یەکەم دانیشتنی خۆی بۆ دادگاییکردنی سەرانی ڕژێمی تورکیا دەستیپێکرد.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ۱٥ی ئادار، لە شاری پاریسی پایەتەختی فەڕەنسا، دادگای هەمیشەیی خەڵك (Permanent Peoples Tribunal)، یەکەم دانیشتنی خۆی لەسەر توركیا و كورد بەڕێوە برد.

لە دانیشتنەکەدا، کە بڕیارە ئەمڕۆ و سبەیش بەردەوام بێت، وێرای دەستەی حاکمان، دۆزگەران و پاێزەرانی دادگا، دەیان کەسایەتی لە یاساناس، لێکۆڵەر، مافناس، نوێنەرانی پارت و لایەنی سیاسی و مەدەنی کورد و جیهانی بەشدارن تێیدا.

دادگای هەمیشەیی خەڵك (Permanent Peoples Tribunal)، دەزگایەكی یاسایی و مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی ناحكومییە و بەگوێرەی یاساکانی نێودوڵەتی بڕیار لە سەر کەیس و سکاڵاکان لە دادگایەکی بێلایەندا دەدات.

دادگاکە، ساڵی ١٩٧٩ کریستیانی سەدەی ڕابردوو دامەزراوە و تا ئێستا دانیشتنی بۆ 44 كەیس و سکاڵا كردووە. دانیشتنی ئەمجارەشی تایبەتە بە دوو مژاری سەرەکی بۆ دادگاییکردنی تورکیا کە بریتین لە : 
یەکەم ـ تاوانەکانی جەنگ کە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە دژی كورد بە تایبەت لە ناوچەكانی جەزیرە، سووری ئامەد و شڕناخ لە نێوان ساڵی (2015تا 2017)دا، ئەنجام دراون.

دووەم ـ تێرۆرکردن و كوشتنی نوێنەران و چالاکانی كورد لە دەرەوە و ناوەوەی توركیا.

شایانی باسە، دانیشتنی ئەمڕۆی دادگاکە لە پاریس،  لەسەر پێشنیازی چەندین دامەزراوەی بەناوبانگی مافی مرۆڤی جیهان و  ئەنستیتۆتی كورد لە برۆكسل، بەپشتیوانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان " کەنەکە " و چەندین یاساناسی کورد و بیانی بەڕێوە دەبردرێت.
بەگوێرەی قسەکانی،بەرپرسانی دادگاکە، ئەنجامی دانیشتنەكە لە پاش دوو مانگی دیکە لە پەرلەمانی ئەورووپا ڕادەگەیەنرێت.