image


پەیامی کورد... لە عێراق؛ یەکەم حاڵەتی مردن بە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون تۆمار کرا

ئەمڕۆ شەممە لە بەغدا کەسێک بەهۆی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا، چوار کەسی دیکەش تووشی پەتاکە بوون.

لەمبارەیەوە وەزارەتی تەندروستی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە بەغدا چوار کەسی دیکە تووشی تای خوێنبەربوون بوون و کەسێکیش بەهۆی نەخۆشییەکە گیانی لەدەستداوە.

هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە، لە پارێزگای زیقاری چوار کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون و کۆی ژمارەی تووشبووان لە پارێزگاکەدا بۆ ٤٠ تووشبوو بەرز بووەوە، لەو ژمارەیەش ٨ کەسیان مردوون، هەروەها ٢٠ کەسیش چاک بوونەتەوە.

شایەنی باسە بەپێی وەزارەتی تەندروستیی و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نیشانەکانی تای خوێنبەربوون بریتین لە دڵ تێک هەڵاتن و ڕشانەوە، لەگەڵ ئازاری جومگەکان، سکچوون، تا، هیلاکی و لاوازی، هەروەها چەند نیشانەیەکی نەخۆشییەکە دەری دەخات کە مەترسی لەسەر ژیانی تووشبووەکە هەیە، لەوانە خوێنبەربوونی ژێر پێست، دروستبوونی کێشە لە دەماخ، بێهۆشبوون، لەکارکەوتنی گورچیلە، دروستبوونی کێشەی هەناسەدان و لەکارکەوتنی جگەر.