image

ئەمڕۆ سێشەممە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لیستە شیعەكان و پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی و پێكهێنانەوەی حكومەتی نوێی عێراق لەلایەن شیعەكانی عێراقەوە.


ماڵپەری غەد پرێس، بڵاوی كردووتەوە كە ئەمڕۆ سێشەممە قاسم سولەیمانی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەركردەی قەوارە جیاجیاكانی شیعە كۆ دەبێتەوە، بۆ ئەوەی ڕازییان بكات بە یەكەوە هاوپەیمانییەكی گەورە لەناو پەرلەمانی عێراق دروست بكەن و حكوومەتێكی نوێ دابمەزرێنن.
سەرچاوەكە روونیكردەوە  كە سەردانەكەی قاسم سولەیمانی نهێنییە و ئاشكرا و فەرمی نییە و ئامانجیەتی جارێكی دیكە لیستەكانی نزیك لە ئێران ببنە خاوەنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی، لە كاتێكدا موقتەدا سەدر و لیستەكەی یەكەم لیستن و زۆرترین كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان بەدەست هێناوە، سعوودیەیش بە تەواوی پشتیوانی سەدر دەكات، لەوەی گەورەترین فراكسیۆن دروست بكات و حكوومەت بە هاوكاری سوننەكان پێك بهێنێت.

سەردانەكەی قاسم سولەیمانی بۆ بەغدا دوای ئەوە دێ، كە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق ڕێژەی 90%ی ئەنجامە بەرایییەكانی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی ڕاگەیاند.