image

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی نیمچە فەرمی عێراقییە، ڕایگەیاند کە خۆی بۆ سەرۆکایەتی حکوومەتێک کاندید ناکات کە لەسەر بنەمای بەرکەوتەی تایفی پێکبهێندرێت.

عەبادی ووتی “ناچارکرام بۆ چوونە نێو ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی ئێستا، خودی خۆم خواستی ئەوەم نییە کە خۆم بۆ سەرۆکایەتی حکوومەتی داهاتوو کاندید بکەم”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق وتیشی “خواستی دەرچوونم هەیە لە حکوومەت لە کاتێکدا کە من لە لووتکەی دەستکەوتەکان و سەرکەوتنەکانمدام و دەمەوێت ئەوە بۆ کەسانی دیکە بەجێبهێڵم لەبەر ئەوەی من دەسەڵاتم ناوێت، هەر لەبەر ئەوە بوو کە پێشتر ئەوەم رەت دەکردەوە کە بەشداری ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا بکەم”.

حەیدەر عەبادی ووتیشی “کەسانی نزیک لە من (بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناویان بکات) پێیناوتم؛ تۆ دەتەوێت جێمان بهێڵیت و وازمان لێبهێنیت. پێویستە لەسەرت کارەکە تەواو بکەیت و هیوای قۆناغی داهاتوومان بۆ فەراهەم بکەیت”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ووتیشی “بەوە خۆشحاڵ دەبم کە نەچمە نێو حکوومەتی داهاتوو، و ئەگەر هاوبەشەکانمان لە پرۆسەی سیاسی خواستی پێکهێنانی حکوومەتی تایفیی بکەن وەک ئەوەی ڕابردوو، ئەوە من بەشداری تیادا ناکەم”.

عەبادی لەبارەی هۆکارەکانی رەتکردنەوەی حکوومەتی بەرکەوتەی تایفی وتی “ئەمە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم و پشکپشکێنە و ئیمتیازات و دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان خۆیان(بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ کەسێک بکات”.

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە لەلایەن چەند لایەنێک خراوەتە پاڵی بە بەکارهێنانی موڵک و ماڵی گشتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا و گوتی “ڕووی نەداوە”.

هەڵبژاردنی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە سبەی شەممە لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەدەچێت یەکەم هەڵبژاردنە لە عێراق ئەنجام بدرێت لەدوای شکستپێهێنانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو.