image


پەیامی کورد … جۆرە نوێكەی كۆڕۆنا لە عێراق بوونی نییە

وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، تاكو ئێستا هیچ حاڵەتێكی ڤایرۆسە نوێیەكە كە بە ئۆمیكرۆن ناسراوە، لەوڵات تۆمار نەكراوە.

(ڕیاز عەبدولئەمیر) بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕایگەیاند: جۆرە پەرەسەندووەكەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا كە بە ئۆمیكرۆن ناودەبرێت، شارەزایان بە مەترسیدارترین شێواز باسی لێ دەكەن، بەهۆی ئەمەشەوە پێشنیاری قەدەغەی گەشتكردنمان كردووە بۆ وڵاتانی ئەفریقیای باشوورو ئەو وڵاتانەی كە ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن تیایدا بڵاو بۆتەوە.

هەروەها ڕایگەیاند: گۆڕانكارییە نوێیەكەی ئەمجارەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا كاریگەری لەسەر هەموو كەسێك هەیە، بۆیە چاوەڕێی ڕاپۆرتی تەندروستی دەكەین بۆ ئەوەی ڕێژەی توندی و مەترسییەكەی بۆ سەر مرۆڤ بزانرێ.

ڕاشیگەیاند: كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ڤاكسین لێكۆڵینەوە ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی بزانن ڕادەی كاریگەری ڤاكسینەكانیان بۆ جۆرە نوێیەكەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا چەند دەبێت.

بەڕێوەبەری تەندروستی ئاماژەی بەوەشكرد، كە لە تاقیگەكانی وەزارەتی تەندروستی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی گۆڕانكارییەكان هیچ حاڵەتێكی ئۆمیكڕۆن لە عێراقدا تۆمار نەكراوە.