image

ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران داوای لە حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران، کرد کە داوای لێبوردن لە گەلی وڵاتەکەی بکات، ئەوەش بەهۆی رەچاونەکردنی ئەو هێڵە سوورانەی کە لە لایەن رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی دانراون.

لە بەیاننامەیەکدا، ئەحمەد جەننەتی سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران، بڵاویکردووەتەوە، کە "عەلی خامنەیی رێبەری ئێران، دژی دانوستانە لەبارەی پرسی ئەتۆمییەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە "هیچ گەرەنتیەکی پێویست لە کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک لەبارەی رێککەوتنەکە وەرنەگیراوە".

هەر بەپێی بەیاننامەکەی جەنەتی، "خامنی چەندین جار جەختی لەوەکردووەتەوە کە هیچ ئۆمێدێکی بە دانوستان نییە و رەچاوی ئەو هێڵە سوورانەی رێبەری ئێران لەبارەی ئەو رێککەوتنە نەکراوە".

سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران، باسی لەوەشکردووە، کە "روحانی بەشێوەیەکی ئاشکرا ئەو زیانانەی ئاشکرا نەکردووە کە بەهۆی رێککەوتنەکەوە کەوتوونەتەوە و دەبێت داوای لێبوردن لە گەلی ئێران بکات".