image


پەیامی کورد... بازرگانی عێراق لەگەڵ ئێران ساڵانە دەگاتە 40 ملیار دۆلار

ڕۆژی سێشەممە 26ی ئەیلولی 2023، ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران ئامادەیی حکوومەتی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری لەگەڵ عێراق و بەشداریکردن لە گەشەپێدانی پیشەسازیی وڵاتەکەی تا ساڵی 2035 دەربڕی، پێشنیاری بەرزکردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتی بۆ 40 ملیار دۆلاری ساڵانە کرد.

لە میانی کۆنفرانسی بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق لەلایەن سەرۆکی ڕێکخراوەکە، مەهدی ضیغمی پێشکەش کرا، ئێران ئامادەی خۆی نیشاندا بۆ دابینکردنی تەکنەلۆجیا بۆ عێراق و پەرەپێدانی پڕۆژەی پیشەسازی لە عێراق.

هەروەها مەهدی ووتیشی، بە ناوی وەزارەتی پیشەسازی و حکومەتی ئێرانەوە پشتیوانی هەمەلایەنەی خۆمان بۆ گەشەپێدانی پیشەسازیی عێراق تا ساڵی 2035ڕادەگەیەنین، قەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە زیادبووندایە و ساڵانە دەتوانێت بگاتە 30 یان 40 ملیار دۆلار.

لە درێژەی قسەکانیدائەوەشی خستەڕوو، "لیژنەی بازرگانی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لێکۆڵینەوە لە پەرەپێدانی پلانەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، ڕێگاکانی پەرەپێدانی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق دەکات".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "لیژنەکە لێکۆڵینەوەی کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سنووردارکردنی بازرگانی و تایبەتمەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەگەڵ پرسە لۆجستی و بازرگانییەکان بۆ ئەوەی قەبارەی بازرگانی ئێستا بۆ 20 ملیار دۆلار ساڵانە بەرزبکەنەوە".