image


پەیامی کورد... بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمریکا لەبارەی لەباربردنی منداڵ، خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی لێکەوتەوە

دوای ٥٠ ساڵ دادگای باڵای ئەمریکا یاسایەکی تایبەت بە مافی لەباربردنی کۆرپەلەی لەلایەن ژنانەوە ڕەت کردەوە و بڕیارەکەش کاردانەوەی حکومەت و بەشێک لە هاووڵاتییانی لێکەوتەوە.

دادگای باڵای ئەمریکا لەباربردنی منداڵی بە شێوەیەکی یەکجاری ڕاگرت و مافی بڕیاردانی دایە ویلایەتەکانی وڵاتەکەی.

بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمریکا لەلایەن زۆربەی دادوەرە پارێزگارەکانی دادگای باڵاوە پەسەندکراوە و ڕەشنووسی پێشوەختەی بڕیارەکە دزەیکردوە، بە هۆ یەوە ناڕەزایەتی چالاکوانانی مافی لەباربردنی کۆرپەلەی لە سەرانسەری ئەمریکادا لێکەوتەوە.

هەرچەندە بڕیارەکەی دادگای باڵا لەباربردنی منداڵ قەدەغە ناکات، بەڵام کاریگەرییە یاسایییەکانی لە زۆر ویلایەتدا وا دەکات قەدەغەبکرێت.

دادگای باڵا تەنیا نۆ دادوەری هەیە و هەر کاتێک پێنج دادوەر بڕیارێک بدەن ئەوە جێبەجێ دەکرێت.

دوای دەرچوونی بڕیارەکەش لە بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا خۆپیشاندان ئەنجام درا.

خۆپێشاندەران پێیانوایە، جەستەی خۆیانە و ئازادن چی لێدەکەن و نابێت مافی لەباربردنی منداڵیان لێ بسەنرێتەوە، بە تایبەتی لەوانەی کە بەهۆی دەستدرێژیی سێکسییەوە دووگیان دەبن.

بەگوێرەی دوایین ئاماری حکومەتی ئەمریکا کە ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە، تەنیا لەو ساڵەدا نزیکەی ٦٣٠ هەزار منداڵ لەباربراون.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت ئەمە «ڕۆژێکی خەمگینە» بۆ ئەمریکا و ئۆباڵی ئەمە دەخاتە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپ.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، «ئەوە ئەو سێ دادوەرە بوون کە لەلایەن یەک سەرۆکەوە کە دۆناڵد ترەمپە، دامەزرێنرابوون، کە ئەوان کرۆکی بڕیارەکە بوون بۆ ئەوەی تەرازووی دادوەری لا سەنگ بکەن و مافێکی بنچینەیی ژنان لەم وڵاتەدا نەهێڵن. بە هەڵەدا مەڕۆن، ئەم بڕیارە ئەنجامی کەڵەکەبوونی هەوڵی بەمەبەستی چەندین دەیەیە بۆ تێکدانی هاوسەنگیی یاساکەمان. ئەمە بریتییە لە جێبەجێکردنی بیرکردنەوەیەکی توندڕەوە و هەڵەیەکی کارەساتباری دادگای باڵا.»

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ساڵی ١٩٧٣ دادگای باڵا بڕیاری ئەوەیداوە کە لەباربردنی منداڵ قەدەغە نییە.