image

باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداری دایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربارەی کشانەوە لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەی کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا واژوو کراوە.

 

باراک ئۆباما دەربارەی بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە ڕایگەیاند "ئەوە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە. ئەگەر ڕێککەوتن نەبێت ڕەنگە لە کۆتاییدا ئەمریکا ناچاربێت بژاردەی هەڵگیرساندنی جەنگ هەلبژێرێت لەگەڵ ئێران کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە".

باراک ئۆباما لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕوونکردنەوەیەکی دەربارەی بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئێران واژوو کراوە، بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "کشانەوەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە بە مانای دوورکەوتنەوە لە گرنگترین هاوپەیمانەکانی دێت. چونکە ئەمریکا تاکە لایەنی ئەو ڕێککەوتنە نییە، بەڵکو هاوپەیمانە گرنگەکانیشمان لە یەکێتی ئەوروپا بەشێکن لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە".

باراک ئۆباما لە درێژەی ڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێت "ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەی لەگەڵ ئێران واژوو کراوە چەندین دەستکەوتی باشی بۆ ئەمریکا هەبووە. ڕێککەوتنەکە ببووە نمونەیەکی باش بۆ پیشاندانی ئەوەی ئەمریکا لە بواری دیبلۆماسیدا تا چ ڕادەیەک دەتوانێت سەرکەوتوو بێت. لە بری ئەوە ئەگەر تەماشای ئەو هەوڵە دیپلۆماتییانە بکەین کە لەگەڵ کوریای باکور دەدرێت و نازانرێت تا چ ڕادەیەک دەتوانین سەرکەوتن بەدەست بهێنین. ئەوە ڕیسکێکی گەورەیە کە واز لەو دەسکەوتانە بهێندرێت کە لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە بەدەستهاتووە".