image

پەیامی کورد     ...   عێراق و ئەمریكا لەسەر "كەمكردنەوەی هێزە شەڕكەرەكان لە هەولێر و عەین ئەسەد" رێككەوتن

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی تەكنیكی سەربازی عێراق لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی لە بەغدا كۆبوونەتەوەو لەسەر كەمكردنەوەی یەكە شەڕكەرەكان و توانا سەربازییەكانی ئەمریكا لە هەردوو بنكەی سەربازی هەولێرو عەین ئەسەد، رێككەوتن بەمەبەستی ئەوەی تا كۆتایی ئەم مانگە ئەو پڕۆسەیە تەواو بكرێت.

 فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە كە دوێنێ پێنجشەممە، لە بەغدا، لیژنەی تەكنیكی سەربازی عێراق بە سەرۆكایەتی عەبدۆلئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی بە سەرۆكایەتی لیوا جۆن برێنان، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی هاوپەیمانان لە عێراق كۆبوونەتەوە.

بەپێی بەیاننامەكە، كۆبوونەوەكە لەچوارچێوەی ئەو گفتوگۆ ئەمنییە تەكنیكییانەدا بوە كە لە گفتوگۆی ستراتیژی عێراق و ئەمریكادا رێككەوتنیان لەسەر كراوەو هەروەها لە چوارچێوەی كۆتاییهێنان بە رۆڵی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانان لە عێراق.

لە بەیاننامەكەدا هاتوە، هەردوولا رێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی یەكە شەڕكەرەكان و توانا سەربازییەكانی ئەمریكا لە هەردو بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد و هەولێر، بەشێوەیەك كە تاوەكوو كۆتایی ئەم مانگە، ئەو پڕۆسەیە تەواو بكرێت.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە ئاستی فەرماندەیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بارەگایەكەوە بە فەرماندەیی ئەفسەرێك بە پلەی فەریق كەمكراوەتەوە بۆ بارەگایەك بە فەرماندەیی ئەفسەرێك بە پلەی لیوا ئەوەش لەپێناو پشتیوانی و دابینكردنی چەك و گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری و راوێژ.

هەروەك هەردوولا جەختیان كردۆتەوە كە بوونی هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر داوای عێراقەو پێویستە لەسەر حكوومەتی عێراق بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان، پارێزگارییان لێ بكات بەشێوەیەك كە لەگەڵ سەروەری ووڵاتدا یەك بگرێتەوە.

هەروەها بەپێی بەیاننامەكە هەردوولا رێككەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە كۆبوونەوەكان بۆ تەواوكردنی گفتوگۆی ئەو هەنگاوانەی ماون بۆ كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لە وادەی دیاریكراودا كە كۆتایی ئەمساڵە.