وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاگەێندراوێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاگەێندراوێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد   ...   وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاگەێندراوێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ 26ـی ئاداری 2024 راگه‌ێندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌:  "مەبەستی پرۆژەی "هەژماری من" دروستکردنی بانک نییە، بەڵکوو پرۆژەیەکی گشتگیری دارایی پێشکەوتووە".

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، ماوەیەکە هەندێک زانیاریی نادروست و چەواشەکارانە دژی پرۆژەی هەژماری من لێرەو لەوێ بڵاودەکرێتەوە، بەپێویستمان زانی چەند زانیارییەک لە سەر پرۆژەکە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو.

ده‌قی راگه‌ێندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

ماوەیەکە هەندێک زانیاری نادروست و چەواشەکارانە دژی پرۆژەی هەژماری من لێرەو لەوێ بڵاودەکرێتەوە، بەپێویستمان زانی چەن زانیارییەک لە سەر پرۆژەکە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو.

کورتەیەک لە پرۆژەی هەژماری من:

پرۆژەیەکی گرینگ و ستراتیژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەلایەن نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەئاگاداری بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەڕەزامەندی بانکی ناوەندی عێراق  لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

مەبەستی پرۆژەی "هەژماری من" درووستکردنی بانک نییە بەڵکوو پرۆژەیەکی گشتگیری دارایی پێشکەوتووە کە ئامانج لێی دابین کردنی ڕێگەیەکی پارێزراو و گونجاوە بۆ دەست ڕاگەیشتن بەچەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سەردەم و دابین کردنی مووچە و پێدانی چەندین جۆری قەرز و سلفە و پێشینە لەلایەن بانکەکانەوە بۆ فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی کوردستان. هەروەها سەرچاوەیەکە بۆ ڕێگری کردن لە سپیکردنەوەی پارە و کۆتایی هێنان بە گەندەڵی.

پرۆژەی هەژماری من دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی داتای ورد و درووست و شەفاف لەسەر خەرجی و داهاتەکان، هەروەها پێشکەش کردنی چەندین جۆر سلفە و پێشینە بە فەرمانبەران و سوودمەندانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت کە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری و بوژانەوەی سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان. 

بانکە بەشداربووەکان:

پێنج بانک بەشدارن لە پرۆژەکەدا کە ئەوانیش بریتین لە:

● BBAC Bank

● RT Bank

● NBI

● Cihan Bank

● IIB

کەسەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مووڵەتیان پێدراوە و باوەرپێکراون.

هەروەها بۆ دڵنیابوون لە هەڵبژاردنی ئەو بانکانەی کە تەندرووستن و هیچ سزایەکیان لەسەر نیە لە پەیوەندیەکی بەهێزداین لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا و سەرجەم ئەو بانکانە ناسراون و خاوەن ئەزموون و ژێرخانی دیجیتاڵی بەهێزن.

لە ئێستادا سێ بانکی دیکەی باوەڕپێکراو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە لەسەر هێڵن بۆ بەشداریکردنییان لە پرۆژەکە. شایەنی باسە، بەشداریکردنی هەندێک بانک لە پرۆژەی هەژماری من رەتکراوەتەوە بە هۆکاری ئەوەی ئەو بانکانە شکستیان هێناوە لە بەدیهێنانی داواکارییەکانی پرۆژەکە و یاخود لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە خراونەتە لیستی سزاوە.

شایەنی باسە کە بەپێی دواین بڕیارەکان لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق، پێویستە سەرمایەی (رأس المال) هەریەک لەو بانکە تایبەتانەی کە بەشدارن لە پرۆژەی هەژماری من زیاد بکرێت لە (٢٥٠) بۆ (٤٠٠) ملیار دیناری عێراقی تاوەکو کۆتای ساڵ، ئەم بریارە لە پێناو بەرژەوەندی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستانە و دڵنیای دەدات لە پاراستنی مووچە و پاشەکەوتی مووچەخۆران.

بەرهەم و خزمەتگوزاریە بانکیەکان:   

پرۆژەی هەژماری من زیاتر لە ١٩ خزمەتگوزاری  بانکی پێشکەش مووچەخۆران دەکات و تێچووی مانگانەی سەرجەم خزمەتگوزاریەکان تەنها بڕی (٢٥٠٠) دیناری عێراقیە کە بە بەراورد بە پرۆژەی تەوتین لە عێراق کە تەنها پێشکەش کردنی یەک خزمەتگوزارییە بۆ زۆرینەی مووچەخۆران ئەویش پێدانی پارەی مووچەیە بە شێوازی کاش.

لە کاتێکدا کە مووچەخۆران لە پرۆژەی تەوتین لە عێراق مانگانە بڕی ٦ لە هەزاردا بۆ ڕاکێشانی مووچە دەدەن بە دەروازەکانی دابەش کردنی مووچە (PoC/منافذ) واتا وەرگرتنی ٦٠٠٠ دیناری عێڕاقی بۆ ڕاکێشانی هەر ملیۆن دینارێک.                               

ئامانجێکی دیکەی پرۆژەکە دەستڕاگەیشتنی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان و هێزە ئەمنیەکانەوە بە مووچەکانیان لە ڕێگەی ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف. بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی (١٠٠٠) ئامێری ڕاکێشانی پارە دابنرێت و لە ئێستادا نزیکەی ١٠٠ ئامێری ڕاکێشانی پارە لە  شاری هەولێر دانراون و ٢٤ کاتژمێر کاران. لەهەمان کاتدا، دانانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە کوردستاندا هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژی بانکی ناوەندی عێراق کە بۆ سەرجەم بانکەکانی عێراق دانراون.

فراوانبوونی پرۆژەی هەژماری من:

لەئێستادا پرۆژەی هەژماری من لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا نزیکەی ٤٠ هەزار مووچەخۆر هەژماریان بۆ کراوەتەوە و قۆناغی یەکەمی گەڕانەوەی کارتی بانکیش بۆ فەرمانبەران دەستی پێکردووە لە هەردوو پارێزگاکە.

ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە بە هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراقی، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی درووست بکرێت و مووچەکانیان لەڕێگای هەژماری بانکی وەربگرن.    

١- ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەکە بەردەوام لە زیادبوندایە.     

٢- بەشداربووی پرۆژەی هەژماری من ئازادە لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەناو پرۆژەکە و گۆڕینی بانکێک بۆ بانکێکی تری ناو پرۆژەکە.                                     

٣- هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت دەستکاری حسابی هیچ خاوەن هەژمارێک بکات جگە لە خاوەنی هەژمارەکە خۆی نەبێت. 

٤-هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆرێک بەپێی قەبارەی مووچەکەی و ئەو ڕەسیدەی لەڕێی هەژمارەکەیەوە بەدەستی دەهێنیت سودمەند دەبێت لەقەرز و پێشینەکان لەلایەن بانکە ئەهلیەکانەوە.

 

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری          

 ٢٠٢٤/٣/٢٦