لە سەقز سێ چالاکی کورد سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا

لە سەقز سێ چالاکی کورد سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا

پەیامی کورد... لە سەقز سێ چالاکی کورد سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا


سێ هاووڵاتی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی هیوا جیهانی، هیوا تاتایی و ئومێد موقەدەس کە لە بەرەبەری ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوون، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایییانەدا سێ هاووڵاتی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی هیوا جیهانی، هیوا تاتایی و ئومێد موقەدەس لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی و بە تۆمەتی بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ئەو سزا، هیوا تاتایی سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و دوو ساڵ قەدەغەبوونی چوونە دەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها، هیوا جیهانی و ئومێد موقەدەس هەر یەک سزای دوو ساڵ بەندکران لەگەڵ هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، سزای دوو ساڵ بەندکرانی ئومێد موقەدەس و هیوا جیهانی بۆ پێ بژاردنی ٣٥ ملیۆن تمەن غەرامەی نەختی گۆڕدراوە.

ئەو سێ هاووڵاتییە لە بەرەبەری ساڵیادی کوژرانی ژینا و هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانە بەربڵاوەکان لە شاری سەقز دەستبەسەرکران و ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەر (١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) هەریەک بە دانانی بارمتەی ٩٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنیان لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازادکران.