ئه‌مریكا باری نا ئاسایی له‌ سوریا بۆ ماوه‌ی ساڵێكی تر درێژ كرده‌وه‌

ئه‌مریكا باری نا ئاسایی له‌ سوریا بۆ ماوه‌ی ساڵێكی تر درێژ كرده‌وه‌

کۆشکى سپى ئاشکرایکرد کە بۆ ماوەى ساڵێکى دیکە بارى نائاسایی لە سوریا درێژکردوەتەوە و جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە بەشار ئەسەد، توندوتیژییەکانى لە سوریا رابگرێت و ئاگربەستى سەرتاسەریی رابگەیەنێت.

بەپێی راگەیەنراوەکەى کۆشکى سپى ئەمریکا؛  لە 11ـى ئایارى 2004 و بەپێی دەسەڵاتە فریاگوزارییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان و یاساى لێپرسینەوە لە سوریا و گەڕاندنەوەى سەروەرى لوبنان لە ساڵى 2003 سەرۆکى ئەمریکا یاساى ژماره‌ 13338ى دەرکردوە.

بەپێی ئەو یاسایە بارى نائاسایی نیشتیمانى لە سوریا دژى کردەوەکانى حکومەتى سوریا دەرکردوە و دواتریش ئەم یاسایە چەند جارێک لە ساڵەکانى 2006 و 2008 و 2011 و 2012 جێبەجێکراون و درێژکراونەتەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە سەرۆکى ئەوکاتى ئەمریکا ئەم بڕیارەى بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو مەترسییانە دەرکردوە کە لەسەر ئاسایشى نیشتیمانى و سیاسەتى دەرەوە دروستبوە.

کۆشکى سپى لە راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت: دڕندەیی و سەرکوتکردنى حکومەتى سوریا نەک تەنها مەترسییە بۆسەر خەڵکەکەى بەڵکو دەبێتە هۆى دروستکردنى ناسەقامگیریی لە تەواوى ناوچەکە و هەربۆیە بۆ جارێکى دیکە بارى نائاسایی لە وڵاتەکە بۆ ماوەى ساڵێکى دیکە و بۆ ساڵى 2024 درێژ دەکرێتەوە.

کۆشکى سپى ئیدانەى توندوتیژیی و پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ لە سوریا و لەلایەن بەشار ئەسەد ئیدانە دەکات و داوا دەکات چى زوە رژێمى سوریا شەڕ و کوشتارى وڵاتەکە دژى گەلەکەى خۆى رابگرێت و داوا دەکات ئاگربەستى سەرتاسەریی رابگەیەنرێت تا گەیاندنى هاوکارییە مرۆییەکان هیچ بەربەستێکیان لەبەردەمدا نەمێنێت.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە ئەمریکا گۆڕانکارییەکان لە سیاسەتى سوریا و رژێمەکەى لە داهاتوودا لەبەرچاو دەگرێت بۆ بەردەوامبون یاخود درێژەدان بە راگەیاندنى بارى نائاسایی لەو وڵاتە لە داهاتوودا.