image
رۆژهات ئامەدی نوسەر
image

لەم قۆناخەی وا تێیداین، کاتێک تیشک دەخەینە سەر سەرقاڵکردنی رۆژەڤی جیهان بە پرسی کوردەوە، چڕبوونەوەی مۆدێلی ئەکتەرە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان لەمەڕ چارەسەری ئەم پرسانە و پێگە و بەرپرسیارێتیی کورد لەم پێشهاتانە، پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵێکی گرنگ بدرێت.

 رۆڵی گرنگی ئەو کوردانەی لە دەرەوەی وڵاتدا دەژین، یاخود بە ناوەکەیدی، کوردانی تاراوگە لە وەستێندرانی کۆمەڵکوژیی تورکیا لەدژی باشووری رۆژئاوای کوردستان دەبینین.  ئەو چالاکییانەی تەواوی ئەوروپا هەڵدەستێنێتە سەر پێ، رێکخستنی کۆبوونەوە و دەستپێشخەریی دیپلۆماسی ئەنجامدەدات و دەتوانێ تورکیا بە هۆی پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتە هێرشکارانەیەوە، تەنیا بهێڵێتەوە.

 لە ساڵانی 70'کاندا دۆخەکە زۆر جیاواز بوو. بەعس بە پشتیوانیی مۆسکۆ بە بۆردومانی ناپاڵم بەسەریاندا، کوردانی ناچارکرد ماڵو حاڵیان جێبهێڵن. ئەوکاتە ژمارەی ئەو کوردانەی لە چالاکی و گردبوونەوەکاندا دەیانویست سەرنجی رای گشتی و جیهان بۆ حاڵی سەدان هەزار کورد رابکێشن، 40-50ی تێپەڕنەدەکرد.

ئێستا تاراوگەی کورد لە مێترۆپۆڵەکانی ئەوروپادا دەتوانێ سەدان هەزار کورد پەلکێشی گۆڕەپانەکان بکات و پێش لە سیاسەتی پووچەڵکردنەوەی دژ بە کوردیش بگرێت. دەکرێ هەوڵ و کۆششی دامەزراوەیی کوردان و پارتە سیاسییەکانی ئەوروپا، لە جێبەجێکارییەکانی زۆرێک لە پارتە دامەزراوەییەکانی کوردستان کاریگەرتر بێت.

بەتایبەتیش چالاکی و هەماهەنگی و پەیوەندیی کوردانی تاراوگە لەگەڵ پارتە کوردییەکان زۆر گرنگە. ئەو وڵاتەی زۆرترین کوردی تاراوگەی لێن کە نزیکەی 2 ملیۆن کوردی لەخۆگرتووە و بە نیشتمانی دووەمی کورد دادەنرێت، ئەڵمانیایە. بەرێکخراوەیی بوونی کوردەکانی ئەڵمانیا بۆ پارتە سیاسییەکان بووەتە زۆرەملێ. بێگومان کە ئەمە ئەنجامدەدرێت پێویستە سەرنج بدرێتە ئەو لایەنەی کە جووڵەکان پێشێلی یاسا و شیرازەی وڵاتەکە نەکەن.

ئەڵمانیا، کوردەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان

ناکارایی نەبینینی رۆڵی کارا لە سیاسەتی دەرەوە لەلایەن ئەڵمانیاوە دوای جەنگی جیهانی دووەم و تەداخول نەکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان، بابەتێکی پەیوەندیدار بوو بە ناچاربوون لەوەی رووبەڕووی مێژووی خۆی ببێتەوە. چونکە لە هەردوو جەنگی جیهان کە لە سەدەی رابردوودا بوون، یان بوونەتە هۆکار، یانیش خۆیان هەڵسوڕێنەری جەنگ بوونە. هەر بۆیە تاوەکو ماوەیەکی کورت لەمەوبەر، زیاتر پێشنیازی ئەوەیان کردووە کە دەرنەکەون.

 بەڵام لەم سەردەمەی ئێستا تێیداین، دەبینین ئەڵمانیا رۆڵی کارا لە سیاسەتی دەرەوە دەبینێت و رۆڵیشی لە چارەسەرکردنی گرفتەکان هەیە کە ئەمە بووەتە زۆرەملێ. چونکە ئەڵمانیا هەتا ئەگەر نەشیەوێت، گرفتەکان دەرگای پێ دەگرن.

بۆ نموونە ئەڵمانیا وەکو وڵاتیکی ئەندامی ناتۆ، ساڵانێک پشتیوانیی منداڵە لاسارەکەی ناتۆی کرد کە تورکیایە، هەروەها لەڕووی سەربازییەوە هەموو جۆرە توانایەکی بۆ دەستەبەرکرد. تورکیاش ئەو توانایەی بۆ قڕکردنی کورد بەکارهێنا. بەو چەکانە لە کوردانی دا، شار و شارۆچکەکان و لادێکانی بۆردومان کردن، کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1 ملیۆن پەنابەری کورد هانایان بردە بەر دەرگای ئەڵمانیا، کە ئەمە بووە هۆی ئەوەی کێشەی کورد-تورک هاوکات ببێتە کێشەی ئەڵمانیاش.

پێگەی ئەو کوردانەی لە ئەڵمانیا نیشتەجێبوون

ژمارەی ئەو کوردانەی لە ئەڵمانیا نیشتەجێن، 2 ملیۆنی تێپەڕاندووە. کاتێک پێگەی کوردان هەڵدەسەنگێنین، پێویستە ئەمە بزانین کە هێزی مۆتۆڕیی ئەڵمانیا بە شێوەیەک پێکدەهێنن کە ئەم دۆخە لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بەمجۆرە نییە.

بۆ نموونە ئەو بودجەیەی ئەڵمانیا بە تەنیا خاوەنێتی، زیاترە لە بودجەی ئەوروپا. هەروەها ماوەی 5 ساڵە بەسەر یەکەوە لە ریزی پێشەوەی هەناردەی جیهاندایە. هەروەها یەکێکە لەو وڵاتە پێشەنگانەی باشترین هەلومەرجی ژیان پێشکەش بە بیانییانە دەکات کە نیازی نیشتەجێبوونیان لە وڵاتەکەدا هەیە.

تورکیا هەرلە  کۆنەوە زانیویەتی ئەم تایبەتمەندییەی ئەڵمانیا بەکاربهێنێت و پشتیوانیی لە بەڕێکخراوەییبوونی سیاسی، کولتووری و ئابووریی تورکەکانی نیشتەجێی ئەڵمانیای کردووە. رێخۆشکەر بووە بۆ سەرکەوتنی تورکەکان هەم لە تورکیا هەمیش لە ئەڵمانیادا. تورکیا لە پێشکەوتنی ئابووریی خۆی لەم 30 ساڵەی دواییدا قەرزداری تورکەکانی نیشتەجێی ئەڵمانیایە.

بەڕێکخراوەییبوونی رێکخستنەکانی تێڕوانینی نیشتمانی لە ئەڵمانیا، سەرەتا پارتی سەلامەتی نیشتمانی-MSP و دواتریش ئاکەپە AKP کە لە هەناوی ئەو پارتە دروستبووە، هەردووکیانی پەلکێشی دەسەڵات کرد.

بەڵام ئەو رێکخراوە کە نزیکەی 350 کۆمەڵە و رێکخراوی مزگەوتەکانی لە سایەی خۆیدا کۆکردووەتەوە، بڕی گەندەڵیی کراوەی لە ساڵانی نێوان 2005-2019 گەیشتە 26 ملیۆن یۆرۆ. ئەو پارەیەی کە دەینێرنە تورکیا بێ حسابە…

کۆمەڵەکانی دەنیز فەنەری کە لە ئەڵمانیادا چالاکی ئەنجامدەدەن، ئەو ملیۆنان پارەیەی بە ناوی خێرخوازی کۆیانکردەوە بۆ هۆڵدینگەکانی تورکیایان نارد. بەڵام لە ساڵی 2008 لەبەر ئەوەی 41 ملیۆن یۆرۆی کۆکراوە بە شێوەیەکی دور لە مەبەست خەرج کرا، لە فرانکفۆرت سکاڵا تۆمارکرا. ئەو دامەزراوەیە بەوە دەناسرێت کە نێوانی لەگەڵ ئاکپارتی باشە و ئەو پارەیەی بۆ تورکیای دەنێرێت، بێ حسابە.

 ئەڵمانیا لە بواری زانستیشەوە هەر لە کۆنەوە خاوەن ژێرخانێکی تۆکمەیە. ئەمریکا و رووسیای سۆڤیەت لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە لە سایەی ئەو زانایانەی پەلکێشی وڵاتەکانی خۆیانیان کرد، تەکنەلۆجیا خۆیانیان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا پێشخست. ئەو تەکنەلۆجیایە بۆ یەکەمجار ئەمریکییەکانی گەیاندە سەر رووی مانگ، ئەڵمانەکان پێشیانخست. دوای جەنگی جیهانیی دووەم وێرنر ڤۆن براون کە پەلکێشی ئەمریکا کرا، رۆکێتێکی بەرهەمهێنا کە لە سایەی ئەو رۆکێتەوە مرۆڤایەتی بۆ یەکەمجار پێی لەسەر مانگ دانا. بۆ رووسیای سۆڤیەتیش هەمان شت روویدا. ئەڵمانیا بۆ ئەو کوردانەی لە وڵاتەکەیدا دەژین و داهاتووی کوردستانیش زۆر گرنگە.

 باشە، لەو ئەڵمانیایەی کە ئەو هەموو توانا و ئیمکانیەتەی بەخشیوە، کوردان چی دەکەن؟

بەڕێکخراوەیی بوونی کورد لە ئەڵمانیا لەگەڵ تورکەکان جیاوازە. چونکە بەر لە هەموو شتێک دەوڵەتێکی وەکو تورکیایان لە پشت نییە. جا ئەو دەوڵەتە بۆ دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم بە رێکخراوەیی بوونی کوردانی ئەڵمانیا هەموو رێگەیەکی گرتووەبەر.

سەرەڕای ئەمەش کوردان زۆر شت هەیە لە بوارەکانی دروستکردنی لۆبی لە رەهەندی سیاسی و کولتووری ئەنجامی بدەن. لەم بابەتەدا بەتایبەتی کۆمەڵە و دەزگاکانی نزیک لە پەکەکە سەرکەوتوو بوونە. چونکە پێکهاتەیەک لە پشت ئەوان هەیە کە وەکو دەوڵەت جووڵە دەکات. هەرچەندە ئەوان لەکاتی ئەنجامدانی کارەکانیاندا زۆر جار لە بابەتی دروستکردنی سەرچاوەی دارایی رێگەی زۆرەملی دەگرنەبەر. ئەمە وایکردووە ئەوانیش وەکو کۆمەڵەکانی تێڕوانینی نیشتمانی و دەنیز فەنەری سەیربکرێن. 

پارتی دیموکراتی کوردستان کە خاوەن بێ کێشەترین چانسی بەڕێکخراوەیبوونەیە، ئەم چانسەیان بەکارناهێنێت، یانیش توانای بەکارهێنانی نییە. نزیکەی تەواوی پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیا تێڕوانینی گەرموگوڕیان بۆ پارتی دیموکراستی کوردستان هەیە و هیچ پارتێکی کوردی خاوەن ئەم چانسە نییە. جگە لە دامەزراوە سیاسییەکانی ئەڵمانیا، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وزە کە لە کوردستان وەبەرهێنان دەکەن، گرنگی بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن و هەوڵدەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵیدا بەرەپێشتر ببەن. پارتی دیموکراتی کوردستان دەیتوانی ئەم پەیوەندییانەی بە شێوەیەکی گونجاو بە یاسا و رێساکان بەکاربهێنێت کە کۆمەڵەکانی تێڕوانینی نیشتمانی و دەنیز فەنەری بخاتە تارماییەوە. هیچ نەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان دەیتوانی هاوپشتی لەگەڵ ئەو دامەزراوانە دروستبکات کە نزیکن لێیەوە بەڵام ئەمە ناکات و بارتەقای ئەم نەکردنەش بەڕێکخراوەییبوونێکی بچووکی هەیە.

هەروەها بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەگەر زۆریان لێنەکرێت، تەنانەت لە هیچ ناوەندێکی سیاسی و چالاکییەکدا دەرناکەون. دەکرێ سوود لە جەژنی نەتەوەیی نەورۆز وەربگرێت، دەکرێ ریسێپشنێک لە سەر ئاستی دیپلۆماسی رێک بخات، بەڵام ئەمە ناکات. کارێک لەبارەی کوردانەوە نییە. چالاکیی لۆبیکارانەیان لە نێو دیپلۆماتکارانی ئەڵمانیدا نییە. بە پێچەوانەوە هەمووان بەدوای پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەگەڕێن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامە لە خۆحەشاردان.

بیربکەنەوە، ئەوان بە جۆرێک داماو کەوتوون کە نەتوانن چەپکە گوڵێک ببەنە سەر تەرمی حەسەن مەلە کە ئەمەکداری پارتی دیموکراتی کوردستانە، 30 ساڵ لە لوبنان و سووریا، 40 ساڵیش لە ئەڵمانیا خزمەتی ئەو پارتەی کردووە و لە تەمەنی نەوەد و هەندێک ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئەڵمانیا سەرۆکی کوردستان، مەسعود بارزانی بە فەرمی داوەت دەکات. هیچ نەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێ کوتلەی خۆی بخاتە جووڵە. ئەو کوتلەیە بە لەوحەی ''سەرۆکی کوردستان بەخێربێیت بۆ ئەڵمانیا'' پێشوازی بکات. بەڵام بەداخەوە ئەمەش ناکەن. دامەزراوەکانی وەکو جەماعەتی کورد بەم جۆرە چالاکییانە ئاستەنگ دروست دەکات، زیاد لەوە هەوڵی پێشگرتن لە چالاکییەکانی دەدات.

لە سەرەتاکانی ساڵانی 90 یەکەم نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەشێک لە نیشتمانپەروەرانی باشوور   و رۆژئاوا و باکووری کوردستاندا کرایەوە و رادەستی نوێنەرایەتیی یەکێتی و پارتییان کردبوو. رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەڵمانیا تەنیا لەبەر ئەوەی تەواوی ئیجرائاتەکان لای خۆی نەبوو، شیرازەی کارەکەی دەرهێنا. ئەمە بووە هۆکار بۆ ئەوەی ساڵێک دواتر نوێنەرایەتییەکە دابخرێت.

گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان بوێرانەترین هەنگاو بوو لە مێژووی کورددا و وەکو پیرۆزترین چالاکی تێپەڕی. کوردان لە مێژوودا چەند جارێک بوونە دەوڵەت بەڵام یەکەمجار بوو گشتپرسی ئەنجامبدەن و پێشڕەویی ئەم کارەش سەرۆک بارزانی دەیکرد.

لێرەشدا دەبوو رێکخستنەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی رێکخستنەکانی ئەڵمانیا، رۆڵی چالاکانە بگێڕن. کەچی پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ چالاکییەکی لەم بوارەدا نەبوو. دەکرا سیمینار و کۆبوونەوە و چالاکیی جۆراوجۆری پەیوەندیدار بە گشتپرسی رێکبخات. بەڵام ئەمەشیان بۆ نەکرا و سەرۆک بارزانییان تەنیا جێهێشت.

تاکە چالاکی و گردبوونەوەی تایبەت بە گشتپرسی کە جێی تێڕامان بوو، ئەو میتینگە بوو کە کوردانی رۆژئاڤا لە کۆڵن رێکیانخست. لەکاتێکدا دەیان هەزار کوردی رۆژهەڵات، رۆژئاڤا و باکوور بەشدارییان لەو میتینگەدا کرد، تەنیا چەند سەت کوردێکی باشوور بەشداربون تێیدا. پارتی دیموکراتی کوردستان جگە لەو گرنگی و پشتیوانیە سنووردارەی لە کوردستانەوە نیشانیدا، لەڕێی رێکخستنەکانی دەرەوەی وڵاتەوە هیچ پشتیوانییەک پێشکەش نەکرا و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەڵمانیا دیسانەوە لە سووڕی زستانەدا بوو.

ئیدی کاتی ئەوە هاتووە هەڵوێست لەسەر ئەم بابەتە گرنگانە بکرێت. دەبێ کەموکوڕییەکان ببینن و چارەسەری بکەن. لەوانەیە گرنگیی ئەڵمانیا نەبینن. بەڵام ئەو وڵاتە دوای ئەمریکا بەهێزترین و گرنگترین دووەم وڵاتی جیهانە.  

ئەو کوردانەی لەو وڵاتەدا لەبری سوودوەرگرتن لە توانا و ئیمکانیەتەکان و کەشی سیاسیی وڵاتەکە لەسەر گازەرەی پشت لێی پاڵکەوتوون، زەڕەیەک سوودیان بۆ گەلی کورد نییە.

ژمارەی کوردانی باشوور لە ئەڵمانیادا نزیکەی 300 هەزارە. ئەگەر 90٪ی ئەو کوردانە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان و حکوومەتەکەی هەڵوێست وەربگرن و دژایەتیی بکەن، ئەوان دەبێ بزانن کە پێویستە لە هۆکاری ئەمە بکۆڵدرێتەوە و چارەسەر بکرێت. لە وڵاتەکانیدیکەی ئەوروپاشدا دۆخەکە لەمە جیاواز نییە. حکوومەتی نوێ لەکاتێکی باشدا دامەزرا و خاوەن پشتیوانیەکی فراوانی نێودەوڵەتیشە. پێویستە کۆنسێپتێک لەسەر کوردانی تاراوگە و بەتایبەتیش لەسەر کوردانی ئەڵمانیا بێتەکایەوە.

ئەو کوردانەی تاراوگە کە رۆژانە خەڵاتی زانستی، وەرزشی و ئەدەبی وەردەگرن، دژی کوردستان نین. پێویستە دەستکەوت بۆ کوردستان دەستبخرێت. حکوومەتێکیش پێشناکەوێت کە کوردانی تاراوگە بەدەستنەهینێت و سەرکەوتنەکانیان نەبینێت و بایەخیان پێنەدات. کوردی تاراوگە لە بارستایی سیاسیدا خۆی سەلماندووە. سەرکەوتنە ئابوورییە پەنهانەکانی ئەو کوردانەش لە چەند ساڵی داهاتوودا دەبێتە بابەتی زۆر بایەخداری رۆژەڤ.

ئەوەی کە نابێت لەبیربکرێ؛ بە بێ بوونی جووەکانی تاراوگە، دەوڵەتی ئیسرائیل هەرگیز ناتوانێ پارێزگاری لە وجوودی خۆی بکات. لەبەر ئەوەی چارەنووسی کوردانیش لە چارەنووسی ئیسرائیل دەچێت، پێویستە کوردانی تاراوگە بەدەستبهێنێت.

پێویستە چی زووە حکوومەتی نوێ هەڵوەستە لەسەر ئەم بابەتە بکات.

 

رۆژهات ئامەدی

06.12.2019