image
رۆژهات ئامەدی نوسەر
image

بە درێژایی مێژوو ئەو لایەنانەی خۆرهەڵاتی ناوین کە کەوتوونەتە تەنگەتاوی، بەتایبەتیش دەوڵەتەکانی تورک و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لەپێناوی پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان هەمیشە سیاسەتی هەژموونییان بەکارهێناوە، لەگەڵ کورد پێکهاتوون و دواتر لە پشتەوە لە کوردیان داوە. ئەم قۆناخە بە نیشتەجێبوونی تورکەکان لە جوگرافیای کوردان لە 1071 دەستپێدەکات و لە چاڵدێران (1514) بەردەوامدەبێت. لە چاڵدێرانیشدا یەکەم گورزی دژی کوردەکان هەر بە دەستی کورد وەشێندرا و پەیوەندی لەگەڵ کوردستانی رۆژهەڵات پچڕا.

دەوڵەتی تورک تەنانەت لەکاتی دامەزرانیشدا بۆ ئەوەی دژی جیهانی رۆژئاوا بوەستێتەوە دیسانەوە بە پێویستی زانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ کورد ببەستێت. سەرباری ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە لەسەر بنەمای بەگرێنتیکردنی تەواوی ماف و ئازادییەکانی کورد پێکهات، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت کە تورکەکان لەگەڵ جیهانی رۆژئاوا لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشتن، بە یەک چەقەنە کوردیان پاکتاو کرد و جارێکیتر کورد لە دواوە خەنجەری لێدرا.

ئەو سێدارە و نەفیکردنەی لە دامەزرانی کۆمارەوە تاوەکو 1938 بەردەوامبوو روون و ئاشکرایە...

لەو رۆژەوە تاوەکو ئەمڕۆ کە کورد بەرهەڵستیی دژی سیستمی ''یەک دەوڵەت، یەک گەل، یەک زمان و یەک ئاڵا'' دەکات، بەوپەڕی سەختییەوە بەردەوامە لەسەری. رەجەب تەیب ئەردۆغان کە هەستدەکات پێویستە سیستمێکی تازە بێتە ئارا، بە پێشنیازێکی تازەوە دەرکەوتووە و بە پێویستیشی زانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ کورددا بکات.

ئەردۆغان لەگەڵ باشووری کوردستانیشدا پەیوەندییەکانی پێشخست و ئەو سیاسەتە گوشاراوییەی بە هەڵە دانا کە کۆماری تورکیا دەرهەق بە کوردەکان جێبەجێی کردبوو، گوتی پێویستە بە زووترین کات مەسەلەی کورد چارەسەر بکرێت و چەند جێبەجێکارییەکی ئەنجامدا کە لە مێژووی کۆماریدا نەبیندرابوون. هەروەها گوتی :"لە دێرسیم کۆمەڵکوژی روویدا، داوای لێبوردن دەکەم".

بەمشێوەیە پشتیوانیی کوردانی بەدەستهێنا. بەڵام دوای ئەوەی پێگەی خۆی لە دەسەڵات توند کرد، ئەردۆغان بەوەشەوە نەوەستا کە راستەقینەیی بوونی کورد لەبیربکات، وەک ئەوەی بەر لە ماوەیەک ئەو نەبووە کە دەستەواژەکانی تایبەت بە کورد و کوردستانی بەکارهێناوە، جارێکیدی و سەرلەنوێ گوتە کلاسیک و نەژادپەرستییەکانی وەک ''یەک دەوڵەت، یەک گەل، یەک زمان و یەک ئاڵا''ی زیندووکردەوە.

لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ باشووری کوردستان پێشیخستوون، ئەردۆغان و حکوومەتەکەی کە پێشتر بەڵێنی ''پشتگیریی گشتپرسیی سەربەخۆیی دەکەین''یان دابوو، لەگەڵ ئەوەی لەسەر بەڵێنەکەی خۆی نەمایەوە، کاتێک کە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان لە کورد سەندرایەوە و رادەستی حەشدی شەعبیی تیرۆرست کرا، لەگەڵ ئێران و حکوومەتەکەی عەبادی هەنگاوی هاوبەشی نا. هەروەها هاوبەشیی کرد لە هەوڵی لێسەندنەوەی دەروازە سنوورییەکان لە کورد بۆ ئەوەی رادەستی حکوومەتی عێراق بکرێنەوە. سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا و بەربژێری ئێستا بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بینالی یڵدرم ئەوکاتە لە کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکاندا دەیگوت؛ خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل رادەستی حکوومەتی ناوەندیی عێراق کرایەوە. لەدوای ئەوە داگیرکاریی عەفرین روویدا. رەجەب تەیب ئەردۆغان کە لە هەر دەرفەتێکدا باسی لەوە دەکرد هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کورد نییە، لە سووریادا سوپای سووریای ئازاد، ئەلنوسرە و تەنانەت جاروبار رێکخراوی تیرۆرستیی داعشی پێشنیازدەکرد دژی کورد، عەفرین لە کورد سەندەوە و رادەستی وەحشیترین رێکخراوی جیهانی کرد.

ئەردۆغان کە وای هەستدەکرد لەڕێی هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپە دەتوانێ پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەی بکات و ئیدی کاری بە کورد نەماوە، لە هەڵبژاردنەکەی 31ی ئادار تووشی داڕووخانی خەونەکانی بووەوە. ئەردۆغان کە لە کوردستاندا تەنیا بە دزینی دەنگ توانی پارێزگاری لە وجوودی خۆی بکات، لە ئیستانبوڵیشدا بە گورزی کوردان تووشی شکستێکی گەورە بوو.

دەکرێ ئەردۆغان جارێکیدی چاو بە ''مافەکانی'' کورد بخشێنێتەوە، بەڵام لە دیدی ئێمەدا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە. لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکەی 31ی ئادار ئەردۆغان پەی بە سەنگی کورد برد و لەپێناوی پاراستنی دەسەڵاتەکەی دووبارە دەیەوێ هەنگاوگەلێکی وەها بنێت کە کوردان دەستبخات. ئاکەپە کە بەر لە هەڵبژاردن وشەکانی کورد و کوردستان و خستبووە رەفەکانەوە و قەدەخەی کردبوون، هەروەها ئەو کەسانەشی نەفیی باشووری کوردستان دەکرد کە وشەی کوردستانیان بەکاردەهێنا، دەستی بە بەکارهێنانی وشەی کوردستان کردووە.

روونکردنەوەی ئەمە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە؛ ئەگەر کوردەکان شکستیان بە ئاکەپە نەهێنایە، ئاکەپە لەسەر ئەو سیاسەتی زۆرەملێ و گوشاری دژ بە کوردە بەردەوامدەبوو کە لە ماوەی 2-3 ساڵی رابردوودا پەیڕەویکرد. هەم بە شێوەیەکی توندڕەوانەتر ئەم کارەی دەکرد. بەڵام شکستەکەیان نیشانی دا کە ئەو سیاسەتەی دژ بە کورد کردوویانە چەندە لەسەریان بووەتە بارێکی قورس. ئنجا لە پشتەوە دەرگا داخراوەکانەوە لەپێناوی دەستخستنەوەی کوردان دەستیان بە دیدار کردووە.

ئەو رووداوانەی لە 1071 و 1514 و کاتی دامەزرانی کۆماری تورکیا روویاندا، ئێستا بە شێوەیەکی کەمێک جیاواز دووبارە دەبنەوە. ئەردۆغان لەپێناوی پاراستنی سەڵتەنەتەکەی دەچێتە ژێر باری هاوپەیمانێتیی لەگەڵ کورد بەڵام؛ لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەمە دوای ماوەیەک دەبینێت کە ئەو تفەی رۆی کردووە دووبارە هەڵیگرتووەتەوە، هەمیش هەوڵدەدات هاوبەشەکەی کە مەهەپەیە تووڕەنەکات. بە مۆڵەتی مەهەپە دەستپێکردنەوەی دیدارەکانی ئۆجەلان کە ماوەیەکی زۆرە لە گۆشەگیریدایە، هەروەها ناردنی شاند بۆ هەولێر ئەو خاڵانەن کە مەهەپە بە هێڵی سوور ناویبردوون. تەواوی ئەم پێشهاتانەی کە وەک خاڵی ئەرێنی دەبینرێن بۆ دابەشکردنی ئیرادەی کوردانی ئیستانبوڵە لە هەڵبژاردندا.

دوای دیدارەکانی ئۆجەلان ئەوەی بڵاوکرایەوە کە ''پێویستە هەستیارییەکانی تورکیا لەبەرچاوبگیرێت'' بوو، هەروەک چۆن لای هێڵی کوردانی هەدەپە و پەکەکە قەبووڵنەکرا و وەرنەگیرا، بە هەمان شێوە سەردانی شاندەکەی تورکیاش بۆ هەولێر لەلایەن PDK تووڕەیی کوردانی بەرامبەر ئاکەپە نەگۆڕی. چونکە کوردان ئیدی دەتوانن پێشهاتەکان بە چاوی خۆیان ببینن. ئەو کۆنسێپتە سیاسییەی لەپێناوی پارتەکەیان دایانناوە دەکرێ رەتبکرێتەوە. ئەگەر پێویست بکات پارتەکان بیرکردنەوەی باڵا و جووڵە دەکەنە بنەما.

ئەو هەوڵانەی ئەردۆغان و حکوومەتەکەی کاریگەریی نەکردە سەر بڕیاری کوردانی ئیستانبوڵ، بە پێچەوانەوە وەک رۆژی رۆشن دیار بوو کە دۆخەکە لە دژی ئاکەپە تەواودەکات. بەگوێرەی ئەو راپرسییانەی ئەنجامدراون، دەبینرێت کە بینالی یڵدرم خوێنی زۆری لەدەستداوە. ئەمەش هەڵمەتی دیکەی بەدواوە هات.

ماوەیەکی کەم دوای ئەوەی حکوومەتی ئەردۆغان بینی پەیامی ئۆجەلان کە گوتبووی"هەستیاریی تورکیا لەبەرچاو بگیرێت" بەو رادەیە سوودی بۆی نەبوو، ئەمجارە هەستیکرد پێویستی بە پەیامێکی جێگیرترە. لەم نێوەندەدا هەوڵیدا ئەم ئەرکە لەڕێی د.عەلی کەمال ئۆزجان ئەنجامبدات کە ئەو ئەرکە لەلایەن پرۆفیسۆر یاڵچن کوچوک'ی ئەرگەنەکۆنچی بۆی جێهێڵدرابوو ، ئەمەش وەک نێوەندگیریی نێوان ئۆجەلان و حکوومەتی ئاکەپە. د.عەلی کەمال ئۆزجان ئەرکەکەی بەجێدەهینێ. دوو رۆژ بەر لە هەڵبژاردن دیدارێک لەگەڵ ئۆجەلان سازدەکات بۆ ئەوەی لەڕێی پەیامی 'بێلایەن بن' بۆ رای گشتی دەنگەکانی هەدەپە دابەش و پەرش بکات. ئەمە لەکاتێکدایە کە هاوسەرۆکی زیندانیکراوی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش زۆر بە روونی ئاماژەیکرد کە پشتیوانیکردنی بەربژێری جەهەپە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بریاری پارتەکەیانە. باشە بابەتی "بێلایەن بن" لەکوێوە هات؟ د.عەلی کەمال ئۆزجان کە ئەم پەیامەی هێنا کێیە؟

بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2008-2009 لە هەولێر لەگەڵ د.عەلی کەمال ئۆزجان تووشی یەکدی بووین. دەیویست لە زانکۆی کوردان وەک مامۆستای زانکۆ دەستبەکاربێت. بەر لەوەی دەستبەکاربێت، کاتێک زاندرا هەوڵدەدات قوتابیان دژی بیرۆکەی بە دەوڵەتبوون و نیشتمانیبوونی کوردستان پەروەردە بکات، لە کوردستان دەرکرا.  

ئەو زاتە کە یەکێکە لەوانەی بەوپەڕی بڵێسەدارییەوە بەرگری لە ''قوایی میلییە'' دەکات، قوایی میللییە بە هاوپەیمانیی تورک-کورد دەکات و دەڵێ ئەو هاوپەیمانییە کوردی بەرەو سەرکەوتن بردووە. هەروەها گورزی عوسمانیی دژ بە کوردان لە چاڵدێران (1514) بە دەستکەوتی هاوپەیمانیی تورک-کورد ناودەبات.

ئەو کەسە کە ئەو هاوپەیمانییانەی تورکی-کوردی دوای جێگیربوونی تورکیا لە کوردستان بە سەرکەوتن و ئاسوودەیی کورد ناودەبات، بانگەشەیەکی وەها بڵاودەکاتەوە. دەیەوێ تەواوی ئەم بیرکردنەوانەی کە لە دەرەوەی عەقڵدان دەرخواردی زیهنی کوردان بدات. ئەو زاتە کە بە پشتیوانی هێزەکانی تاریکی کاردەکات ئاماژە بەوە دەکات کە تورک و کورد پێویستە هاوپەیمانییەکی نوێ پێکبهێنن. وەهاش بیردەکاتەوە کە جیهانی رۆژئاوا و کوردانی نەتەوەیی ئاستەنگن لەبەردەم ئەمە. هۆشداری دەداتە ئۆجەلان کە لە مەقالە و گوتەکانیدا وشەی دەوڵەت و نەتەوە بەکارنەهێنێت. واتا واقیعێکی وەک یاڵچن کوچوک لە نمایشدایە. بۆسەی جۆراوجۆر بۆ دوورخستنەوەی کوردان لە دەوڵەت و بەهێزکردنی دەوڵەتی تورک دادەنرێت. لە کاتێکدا کە دۆخەکە وەهایە، نابێت پەیامی ئۆجەلان کە لەلایەن کەسێکی وەهاوە هێندراوە بە هێند وەربگیرێت. پێویستە بێ ئەوەی سەیری ناوەرۆکی پەیامەکە بکرێت، بەهۆی ئەوەی زاتێکی وەها پەیامهێنەرەکەیە، رەتبکرێتەوە.

ئەوەی لێرەدا نامۆیە ئەوەیە کە میدیای تورکی هەواڵەکەی بە مانشێتی "پەیامێک لە سەردەستەی تیرۆرستانەوە" بڵاوکردەوە.لە دۆخێکی وەهادا ئەگەر ئەوانەی لە بەرەکانی هەدەپە-پەکەکەدان یەک زەڕڕە رێزیان بۆ ئۆجەلان مابێت، تێدەگەن کە چەندە هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر بێلایەن بن، لە بەرامبەر کەسانێک کە لەلایەک ئۆجەلان بە ''سەردەستەی تیرۆرستان" ناودەبەن و لەلایەکیدیکەوە چاوەڕێی هاوکاریی لێدەکەن.

دەنگدان بە بەربژێری جەهەپە واتای بوونە جەهەپەیی ناگەیەنێت. مێژووی جەهەپە و ئەوەی جەهەپە بە کوردی کردووە روونە بەڵام ئەوەی ئەردۆغان لەماوەی ئەم دوو ساڵەی دواییدا بە کوردی کردووە، شتێکە لە تەواوی مێژووی جەهەپەشدا نابینرێت و ئەمانەی تێپەڕکردووە.  ئەوە کورد پێویستە ئەنجامی بدات، رێگە بەوە نەدات حکوومەتەکەی ئەردۆغان لەمە زیاتر قیندار بێت. ئەمەش دەکرێ لەڕێی هێنانەپێشەوەی بەربژێری هەر پارتێکی سیاسی بێت. ئیدی پێویستە کوردان فێری سیاسەت کردن بن.

سیاسەت ئەنجامدانی شتی راست نییە، توانینی ئەنجامدانی شتێکە رێگەی تێبچێت.

لەکۆتاییدا نابێت ئەو پەیامەی ئۆجەلان نرخی پێبدرێت کە لەلایەن کەسێکی قوایی میللیە  پێشکەش بە رای گشتی کراوە.

پێویستە راستیی ئەوە بزانرێت کە ئەو سەرگوزەشتەیەی حکوومەتەکەی ئەردۆغان جگە لە بەردەوامیی سیاسەتی چەواشەکارانەی لە عوسمانییەوە دەستپێکراو و لە کۆماری تورکیا بەردەوامیپێدراو بەولاوە هیچ شتێکی دی نییە.

نابێت ئەو بڕیارەی کوردان داویانە بەهۆی بڵاوکردنەوەی پەیامی ئۆجەلان و داوەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئیستانبوڵ بگۆڕدرێت. 

 

رۆژهات ئامەدی

23.06.2019