image
رۆژهات ئامەدی نوسەر
image

دوای ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2003 دیکتاتۆریەتی سەدامی رووخاند، سەردانی سەرۆک بارزانیی کرد و داوای پشتیوانیی وشکانیی لێکرد بۆ لێدانی پەکەکە. بارزانی گوتی:"ئەگەر بۆ لێدانی پەکەکە هاتوونەتە لای من، پێویستە بزانن کە ئێرە ناونیشانێکی هەڵەیە". هەروەها پێشنیازی بۆ ئەمریکییەکان کرد لەگەڵ پەکەکە دیالۆگ بکەن، بارزانی پێیگوتن کە دیالۆگ لۆژیکیترە.

دوای ئەم دیالۆگە بەرپرسانی ئەمریکی لە پاییزی 2003'دا لەگەڵ بەرپرسانی ئەوکاتەی پەکەکە دیداریان بوو. ئەمریکا بە شێوەیەکی راشکاوانە بە پەکەکەی گوت کە ئەوەی لەدەستی بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا ئەنجامیدەدات، بەڵام داوایانکرد پەکەکە چەکەکانی بێدەنگ بکات و بە شێوەیەکی مەودادار مامەڵە لەگەڵ ئۆجەلان بکات.

ستافە بەڕێوەبەرەکانی پەکەکە ئەم پێشنیازەی ئەمریکایان بە لۆژیکی زانی و قەبووڵیانکرد، هەروەها بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی پێشنیازەکە سەرەتاکانی ساڵی 2004 کۆنگرەیان بەست. بەڵام کۆماری تورکیا بە مەبەستی لەباربردنی کۆنگرەکە دەستوەردایان کرد. پارێزەرانی ئۆجەلان خرانە نێو دۆخەکەوە. مەحمود ساکار و عیرفان دوندار بە کۆپتەرێکی سەر بە هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە سەر قەندیل نیشتنەوە و گوتیان "بە ناوی رێبەرایەتی" دەست بەسەر کۆنگرەدا گیرا. پەکەکە ئەمریکاخوازەکان خرانە چاوەزیندانییەکانەوە و بەمشێوەیە پلانەکەی ئەمریکا بۆ پەکەکە لەبارچوو.

لەگەڵ بەهاری عەرەبی سەرهەڵدانی گەل لە سووریا دەستیپێکرد. دواتر کوردیش وەکو هەموو گەلانی جیهان لەپێناوی بەدەستهێنانی ماف و ئازادییە رەواکانی بەڕێکخراوەیی بوو. لە ماوەیەکی کورتدا گەیشتە ئاستێک کە خاوەن ستاتۆ بێت و ئەو شوێنە بەڕێوەببات.

تورکیا کە ئەمەی بۆ هەزمنەکرا بە هەزاران بارهەڵگر چەکی بۆ داعش نارد و چەتەکانی داعشی ناردە سەر کورد. پەلامارەکانی داعش گەیشتنە رادەیەک کە سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان هەستی ئەوەی لا دروستبوو کە پێویستناکات ئیدی شتەکان بشارێتەوە، ئەو گوتی:"ها بزانە کۆبانێ کەوت".

هەروەک لەبیرمانە لە چەند رۆژی رابردوودا یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی داعش بەناوی تەها عەبدولرەحمان عەبدوڵا کە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە گیرابوو، لەبارەی هێرشی سەر کۆبانێ گوتی:"بەغدادی داوای لێکردین هێرش بکەینە سەر کۆبانێ. ئێمە رەخنەمان گرت بەڵام ئەو قەبووڵی نەکرد. دواتر زانیمان کە ئەردۆغان پێداگر بووە لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە".

ئەو ئەمریکایەی ساڵی 2004 تورکیا لە قەندیل دەریکردبوو دووبارە گەڕایەوە نێو هاوکێشەکە و شاری کۆبانێ ،وەک ئەوەی ئەردۆغان چاوەڕێی دەکرد، نەکەوت. زیاتر لەوەش کوردەکان دانە بە دانەی ئەو شوێنانەیان وەرگرتەوە کە زووتر لەدەستیاندابوو و گەیشتنە ئاستێک کە بوونە هاوپەیمانی گرنگی هێزە هاوپەیمانەکان. ئەمریکا دووبارە ویستی کارێک لەگەڵ پەکەکە بکات. هەروەک 2003 ئەو نیشتمانپەروەرانەی پەکەکە کە پێشنیازی ئەمریکایان قەبووڵ بوو، هاتنە پێشەوە. بەڵام باڵی "دژە ئەمپریالیزمی" نێو پەکەکە پێشهاتەکانی باشووری رۆژئاوای کوردستانی بۆ هەرسنەکرا و دەستوەردانی کرد. ئەم دۆخە هۆکارێکی گونجاو بوو بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری دەوڵەتی تورکیا.

نابێ لەبیربکرێت کە کۆماری تورکیا بەو سیاسەتەی لە ئاستی نێودەوڵەتی پەیڕەوی دەکات، هەوڵدەدات بە پێشاندانی تاکە هۆکارێک کە ئەویش دەستوەردانی پەکەکەیە لە باشووری رۆژئاوای کوردستان، دەیەوێ ماف بە خۆی بدات.

ناڵێم ئەگەر دەستوەردانی پەکەکە نەبووایە تورکیا ستاتۆی کوردی لە سووریا قەبووڵ دەکرد. پێویست ناکات پەکەکە کە هێشتا لە "مۆری تیرۆر" رزگاری نەبووە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەرفەت بداتە تورکیا.

ئەم سیاسەتەی دەستوەردانی پەکەکە ئەمریکاشی نیگەران کردبوو، هەر بۆیە بە پێویستی زانی بەر لەوەی لەو ناوچانەی سووریا بکشێتەوە دیدار لەگەڵ پەکەکە سازبکات. ئەوەبوو پەیامی "هیچ دەستپێشخەرییەک قەبووڵناکەین کە پێچەوانەی رۆژاڤا و سیاسەتی ئێمەی ئێران بێت"ی بە قەندیل دا.

بەر لە پەیامی "دەکشێینەوە"ی ترەمپ، یاریی جۆراوجۆر بە ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ پەکەکە دەکرا. کەسانێک پێیانوابوو ئەگەر هەیە ئەمریکا پێشنیازی پەکەکەی بەهۆی بوونی ئەو پەیوەندییە چڕەی قەندیل لەگەڵ ئێران رەتکردبێتەوە، کەسانێکیش بێدەنگیی پەکەکەیان بە پەیامێکی واتادار لێکدایەوە. دەیانگوت قەبووڵیکردووە کە دەستوەردان نەکات.

هێشتا نازاندرێت کە دیدار و وتوێژەکان چۆن کۆتاییان هاتووە بەڵام لێرەدا دوو ئەگەر هەن:

یەکەمیان: پەکەکە، پێشنیازەکانی ئەمریکای رەتکردەوە

دووەمیان: پەکەکە لەسەر پێشنیازەکانی ئەمریکا بێدەنگی و دەستوەرنەدانی قەبووڵکرد.

ئەگەر بەهۆی رەتکرانەوەی ئەمریکا لەلایەن پەکەکەوە ئەمریکییەکان گوتبێتیان "کەوایە ئێمە دەکشێینەوە، خۆتان مشوولی خۆتان بخۆن" ئەو کوردانە ناچارن هەرگیز لە پەکەکە نەبوورن. چونکە ئەمریکا تورکیای هاوپەیمانی 60 و قسوور ساڵەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەلاناوە، هەوڵی ئەوە دەدات رێکخستەوەیەک بۆ پەکەکە بکات کە خاوەن مێژووێکە هیچ شانازییەکی بۆ کوردەکان نییە و لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیشدا بە "رێکخراوی تیرۆرستی" ناوی رۆیشتووە.  

راستییەک هەیە کە کوردان هەر دەبێ بیزانن؛ ئەگەر تورکیا لەگەڵ ئەمریکا لە کێشەدایە، تاکە هۆکاری ئەمە پەیوەندییەکانی ئەمریکایە لەگەڵ کوردەکان. نە پەکەکە و نە ئیسلامییە سیاسییەکان مافی تێکدانی ئەم پەیوەندییەیان هەیە. دەبێ پەکەکە نرخی ئەم پەیوەندییانە بزانێت و چیی زووە لە سۆنگەی پێشنیازەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەنگاو هەڵبێنێت. مانەوە لە نێو دروشمەکانی"ئەنتی ئەمپریالیزم" و "ئەنتی زایۆنیزم" تەنیا زیان بە کورد دەگەیەنێت.

 لەبارەی دووەم ئەگەرەوە؛ سەرباری ئەوەی پەکەکە پێشنیازەکانی ئەمریکای قەبووڵکردووە، ئەمریکا لە باشووری رۆژئاوای کوردستان کشاوەتەوە. ئەم دۆخەش تابلۆیەکی وێکچوو دەهێنێتە بەر دیدی ئێمە. بەڵام ئەکتەرەکانی ئێرە پەکەکە یاخود کوردەکان نین؛ بەڵکو تورکیا، رووسیا و ئێرانن.

ئەم هاوپەیمانییە ئەنتی کوردە پێداگرن لەسەر هەڵوێستی "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەی ئێمەیە و خۆمان گرفتەکانی ئەم ناوچەیە چارەسەر دەکەین" هەروەک ئەوەی یوگسلاڤیای ساڵانی 90'ەکان…

 ئەوکاتەش رووسیا بە ناوی هاوپشتیکردن لەگەڵ سڕبە ئۆرتۆدۆکسەکان، ئەوروپای لاوازبووشی هێنایە ریزەکانی و بە ئەمریکای دەگوت "یوگسلاڤیا دڵی ئەوروپایە و ئێمە کێشەکانی ئێر چارەسەر دەکەین".

ئەمریکاش گوتی:"کەوایە من دەکشێمەوە و خۆتان خەمی خۆتان بخۆن. ماوەیەک بێدەنگ بوو. ئەو هەڵوێست و سیاسەتەی رووسیا و ئەوروپا لە یوگسلاڤیای "چەقی ئەوروپا" بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 200 هەزار مرۆڤ. دواتر ئەمریکا هاتەوە و بەردی بناغەی ئەم یوگسلاڤیایەی ئەمڕۆی دانا. کوشتنە بەکۆمەڵەکانی وەستاند و ئەوانەی ببوونە هۆکاری کۆمەڵکوژییەکان لە دادگەی لاهای نێودەوڵەتیدا دادگەیی کران.

هیوادارم ئەمریکا بە هەمان هۆکاری یوگسلاڤیا ئەم سیاسەتە لە کوردستان نەکات، ئەمە بۆ کوردەکان کارەسات دروستدەکات. بەڵام ئەگەر لە چوارچێوەی دووەم ئەگەر سیاسەتی ئەمریکا هەڵبسەنگێنین، بۆی هەیە لەگەڵ رووسیا رێککەوتبێت و مەبەستی ئەوە بێت گورز لە سیاسەتی مەزهەبی و نەژادپەرستانەی تورکیا و ئێران بوەشێنێت. 

بەڵام ئەمجارە ئەمریکا لە سیاسەتی کورددا تەنیا نییە. تەواوی وڵاتانی ئەوروپا لە بابەتی کورددا داوا لە ئەمریکا دەکەن چالاکانەتر دەربکەوێت. لێرە ئێمە نابێت رووداو و پێشهاتەکان هەر تەنیا لە دیدی کوردەوە ببینین. هاوپشتیی ئەم دواییەی ئەمریکا لەگەڵ کوردەکان، نە وشەکانی دەمی ترەمپ و نە هەڵوێستی پەکەکە دیاریی دەکات. چونکە لەم دواییانەدا کوردەکانیش بە هەموو جیهانیان نیشاندا کە دەتوانن پێشڕەوی بکەن لە دووبارە بنیاتنانەوەی شارستانیەتی و دروستکردنی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەگەر کوردەکان ناو بە ناو رووبەڕووی سەختی ببنەوە، ئەم دۆخە لاوازیی ستافە سیاسی و پارتە کوردییەکانە لە خۆگونجاندنیان لەگەڵ ئەم دۆخە ناهەموارانە.

با نەکەوینە یاریی تورکیا و ئێران کە بە درێژایی مێژوو هەموو جۆرە پەیوەندییەکی کوردیان لەگەڵ "وڵاتە ئەمپریالیستەکان" قەدەغە کردووە و بۆ خۆشیان لە پەیوەندییەکی تەندروستدان لەگەڵیاندا.

 

رۆژهات ئامەدی

04.11.2019