image

کوردان بە قۆناخێکی زۆر هەستیارادا دەڕۆن. ئەو قارەمانێتی و پێگەیەی کوردان لەڕێی خەباتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە رەهەندی نێودەوڵەتیدا دەستیانخستووە، دەرفەتگەلی ناوازەی بە کوردەکان بەخشیوە. هەرچەندە کوردان چەند جارێک دەرفەتی مێژووییان هەبووە  بەڵام نەیانتوانیوە سوودی لێ ببینن. گرنگترین هۆکاری ئەمەش، هەڵسوکەوت نەکردنە وەکو نەتەوە، هەروەها دووربوونە لە نەتەوەیی بوونی کوردی.

کوردانی تورکیا و ئێران، بەهۆی ئەوەی هەمیشە لە نەتەوەییبوونی کوردی دوور بوون، بە گشتی ئایینی ئیسلامیان لە بەرامبەردا بەکارهێنراوە. لەبری نەتەوەیی بوون، ``ئوممەتی بوون``یان بەسەر ئەو کوردانەدا سەپاندووە.

هەروەها بۆ ئەو کوردانەش کە پەیوەندییان بە ئایینی ئیسلامەوە نییە، لەبری نەتەوەیی بوونی کوردی بۆچوونی  پێشکەوتنخوازیی چەپ و سۆسیالیستیان بەسەردا سەپاندوون.

کوردبوون `دواکەوتووییە``

ئەگەر دەتەوێ `پێشکەوتنخواز` بیت،  دەبێت ئوممەتی و گەلخواز بیت و بەرگری لە خەباتی سەربەخۆیی فەڵەستینییەکان بکەیت. تێگەیشتنی ئەوەیان بەسەردا سەپاندن کە هەرچەندە بۆ فەڵەستینییەکان هاوار بکەیت، ئەوەندە زیاتر `باوەڕداریت` ئەوەندە زیاتریش دەبیتە `پێشکەوتن خواز`. جگە لەمەش دژایەتی بە دەوڵەتبوونی کورد دەوەستیتەوە و بەمجۆرە `باوەڕداری` و `پێشکەوتنخوازی` مسۆگەر دەکەیت.

 ئەوەی جێی باسە؛ باوەڕدار و پێشکەوتنخواز ئەگەر لە هەمان بەرەشدا نەبن، خزمەتی هەمان سیستم دەکەن. خزمەت بەو سیستمە دەکات کە تورکیا و ئێران دایانناوە و دەڵێ ``دەوڵەت شتێکی باش نییە، کوردان پێویستیان بە دەوڵەت نییە و دەوڵەتی نەتەوەیی دواکەوتووییە``.

ئیدی ئەم دوو تێگەیشتنە لەڕووی هەڵسەنگاندنی ئەو دەرفەتانەی دەکەونە دەستی کورد، گەورەترین ئاستەنگی دروستکردووە و ئەم دیاردەیە ئێستاش بوونی خۆی بە شێوەیەکی جددی دەپارێزێت.

لە سەردەمی پەرش و بڵاوبوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا، کوردان بەهۆی تێگەیشتنی ئوممەتی بوونەوە نەیانتوانی ئەو سوود لەو دەرفەتە وەربگرن کە کەوتە دەستیان.

مستەفا کەمال، بۆ رێگریکردن لە نزیکبوونەوەی کورد و ئینگلیز ساڵی 1919 لەو تەلگرافانەی بۆ شێخ و سەرۆک هۆزە کوردەکان ناردی کە یەکێک لەوانە شێخ مەحموود بەرزنجی بوو، نووسیبووی؛ نابێت تورک و کورد بکەونە ژێر باری ئەوەی زێدی ئیسلام بکەوێتە ژێر نەخشەی دوژمن و لەپێناوی ئەمە خەباتێکی هاوبەش دەکەین. هەروەها پێیگوتن کە دوژمن دەیەوێ کوردستان بگۆڕێت بۆ ئەرمەنستان و بەمشێوەیە داوای یارمەتیی لە سەرۆک هۆز و شێخەکانی کورد کرد.

دەبوو لە کۆتایی خەباتی هاوبەشدا، مافە نەتەوەییەکان بە کور بدات

ئەو نامە و تەلگرافانەی بۆ بەشێکی هەرە زۆری شێخ و سەرۆک هۆزە کوردەکان نێردران، بۆ بارزانییەکان نەنێردرا. چونکە شێخ عەبدولسەلام بارزانی ساڵی 1907 خەباتی دژی دەوڵەتی عوسمانی دەستپێکردبوو. جا هەندێک لە عەشیرەتە کوردییەکان  ناپاکییان بەرامبەر شێخ عەبدولسەلام کرد و ئەویان رادەستی عوسمانییەکان کرد، ئەوەبوو 14ی کانوونی یەکەمی 1914 شێخ عەبدولسەلام لە سێدارە درا. 

بارزانییەکان ئەو کاتیش، هاوشێوەی ئەمڕۆ سازشیان لە هێڵی کوردستان نەدەکرد.

لەبەرامبەر بە رێکخراوەیی کردنی سەرکردە و هۆزە کوردییە دیندارەکان، ئینگلیزەکان بۆ ئەوەی بۆشایی کوردستان لە دژی تورکەکان پڕ بکەنەوە، ساڵی 1922 شێخ مەحموود بەرزنجیان لە مەنفا گەڕاندەوە. بەڵام شێخ مەحموود لەگەڵ مستەفا کەمال ئەتاتورکی ناپەیوەندیدار لەگەڵ ئایینی ئیسلام، یەکیگرت و شەڕی ئینگلیزەکانی کرد.

مستەفا کەمال، 24ی تەمموزی 1923 لە پەیماننامەی لۆزان ئەو `شەراکەت``ەی کۆتایی پێ هێنا کە لەگەڵ شێخ مەحموود هەیبوو و گرێنتیی ئەوەی لە ئینگلیزەکان وەرگرت کە لە باشووری کوردستاندا رێگە بە هیچ قەوارەیەکی کوردی نەدەن. تەواوی ئەو بەڵێنانەی خستنە ژێر پێ کە بە کوردانی ''سنووری تورکیای نوێ''ی دابوون. 

 کوردەکان لێرەدا کەوتنە نێو یاریی تورکەکانەوە، بە هەڵیت و پەڵیتی دوور لە `ئینگلیزی کافر` و نزیک لە `ئوممەتی ئیسلام` چەواشە بوون. ئەمە بووە هۆکاری مانەوەی کورد بە بێ قەوارە و ناسنامە، هەروەها مانەوەی وەکو کۆیلەی تورک.

100 ساڵ بەسەر ئەمەدا تێپەڕی.

کوردەکان هەروەک سەرەتاکانی سەدەی 20، ئێستاش رووبەڕووی دەرفەتگەلێکی وەهان کە دەکرێ لەڕێیەوە چارەسەنووسی خۆیان بگۆڕن.

لەگەڵ پەرش و بڵاوبوونی ئەو یەکێتیی سۆڤیەتەی کە چەپی کورد بە قیبلەی خۆی دەزانی، باشووری کوردستان ئەگەر بەشێکیشی بێت، بە سەربەخۆیی شادبوو.

ئێستاش باشووری رۆژئاوای کوردستان بە هەمان قۆناخدا تێپەڕدەبێت. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیشدا دەکرێ لە هەر کاتێکدا سوپرایزی گەورە رووبدات.

تورکیاش کە بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئەنتی-کورد چووەتە کەنار مایەپووچییەوە، ناچارە گۆڕانکاریی جددی لە پرسی کورد و کوردستاندا بکات.

لە بەرامبەر ئەو پێشهاتە زەبەلاحانەدا؛ بۆ ئەوەی کوردەکان دەوڵەت دانەمەزرێنن و نەبنە خاوەنی هیچ قەوارەیەک، هەوڵێکی زۆر دەدرێت. سەرەڕای دەستکەوتەکانیان، کورد لە تورکیادا بە ``تورک``، لە ئێران بە ``فارس`` و لە عێراق و سووریادا بە ``عەرەب`` دەبینرێن. بەهۆی ئەوەش کە وەکو دیلن، ترافیکی سیاسی بەردەوامیی هەیە. پێشەنگی ئەمەش تورکیا و ئێرانە. 

دووبارە ئامۆژگاریی کوردان دەکرێ بەوەی `باوەڕدار` و `گەلخواز` بن.

هەمیشە بۆچوونی ''بیرۆکەی دەوڵەتبوونمان خستە تەنەکەی خۆڵەکەوە بەڵام فەرەنسا و ئەمریکای دەست سوور بە خوێن ئەمە دەسەپێنن'' لەلایەن کوردە گەلخوازەکانەوە هەیە، لەکاتێکدا ئەوانە هیچ کێشەیەک لە بە دەوڵەتبوونی فەڵەستین نابینن.  

کوردە ئوممەتییەکانیش بە هەمان شێوە بیردەکەنەوە و دەڵێن:"ئەمریکا شەیتانە، با لە جوگرافیاکەمان دوور بکەوێتەوە، ئێمە کێشەکانی خۆمان چارەسەر دەکەین".  ئەوان بە گوتنەوەی ئەمە لەگەڵ کوردە گەلخوازەکان خزمەت بە هەمان سیستم دەکەن.

 کوردە ئوممەتیەکان کە ئامادەن بۆ بە دەوڵەتبوونی فەڵەستین بڕۆنە شەڕ و لەپێناوی قودس شەو و رۆژ نزا بکەن، هەمان هەستیاری بۆ کوردستان، کەرکووک و عەفرین نیشان نادەن.

ئەگەر بە شێوەیەکی روونتر بیڵێین؛ هەردوولا خزمەت بە سیاسەتی ئەنتی کوردی ئێران و تورکیا دەکەن. ئوممەتییەکان گوزارشت لە کوردە دیندار و موحافزکارەکان دەکەن و گەلخوازەکانیش گوزارشت لە کوردانی چەپ و پێشکەوتنخواز دەکەن.

مێژووش خۆی دووبارە دەکاتەوە؛

کوردەکان، لەکاتێکدا دوای چاخێک دیسان دەرفەتیان هاتووەتە بەردەم، لەسەریانە لە بری ئەوەی وەکو جارانی پێشوو ئەمە بە قوربانی سیستمی ئەنتی-کوردی تورکیا و ئێران بکەن، ئەم دەرفەتە لەپێناوی دەستخستنی مافی نەتەوەیی کورد هاوشێوەی نەتەوەکانی دیکە، بەکار بهێنن. ئەنجامدانی ئەمە نە دوژمنکاری کردنی ئوممەتە و نە دوژمنکاریی کردنی گەلە.

بە پێچەوانەوە لە ساڵانی زووەوە چارەسەری ئەو کێشانە و زەمینەسازی بۆ دستەبەرکردنی ئاشتەوانی  بە مانای چارەسەری کێشەکان دێت.

لەم چوارچێوەیەدا ئەو پێشهاتانەی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە باشوور و باشوور و رۆژئاوای کوردستان پشتیوانیی لێ دەکات، پێویستە بێ هیچ مەرجێک لە لایەن تەواوی کوردەوە پشتیوانیی لێ بکریت.

هەروەک تورکیا بانگەشەی بۆ دەکات، باشوور و رۆژئاوای کوردستان، سەرەڕای ئەو سیاسەتە پڕ لە تەنگژەیەی کە تورکیا و ئێران هۆکارەکەین، هێشتا نەبووەتە ''لانەی تیرۆرستان''.

''ئوممەتی بوون'' پێویستە لەلایەن کوردانەوە جێی سەرنج و هەڵوەستە بێت.  

نە ئەو تورکیایەی کە بەیەکەوە هەنگاویان لەگەڵیدا هەڵهێنا ، نە ئەو ئێرانەی دژی ''شەیتان'' پشتیوانییان کرد، ئەو ئەو برا موسڵمانانەی کە هاوپەیمانی بوون... موسڵمانی هاوشێوەی بارزانییەکان نابێتەوە. نەکەن هیچ یەک لەوانە وانەی ئیسلام بە بارزانییەکان بڵێنەوە. 

سەلاحەدینی ئەیوبی کە لەلایەن کوردانی ''ئوممەتخواز''ەوە بە نموونە وەردەگیرێت و لە قودس لێبوردەیی نێوان ئایینەکانی دەستەبەر کرد، نەوەکانی هەم لە باشووری رۆژئاوا و هەمیش لە باشووری کوردستان دوای 1000 ساڵ جارێکی دیکە بە ژیاندا هاتنەوە.

ئەوانەی کە تۆمەتباردەکرێن بە ''تیرۆرست بوون'' و ''کۆمەنیست بوون'' زۆر زیاتر لەو تورکیا و ئێرانەی کە ئیسلام لە خزمەتی نەژادی خۆیان بەکاردەهێنن، گرنگی بە ئایینەکە دەدەن.

کە دێینە سەر پەکەکەی ''گەلخواز''؛

پەکەکە بووەتە وەسیلەی ئەو ئەرگیومێنتەی تورکیا کە دەڵێ ''باکووری عێراق لانەی تیرۆرە''.

ئەو بانگەشەیەی پەکەکە راست نییە کە دەڵێن :"ئێمە بزووتنەوەکەمان دژی شەراکەتی تورکیا و پ.د.ک دەپارێزین''. چونکە پەکەکە لە ساڵانی 90یشدا، لەوکاتەی کە تورکیا هێشتا دانی بە باشووری کوردستان نەنابوو، هەر شەڕی دەکرد لە ناوچەکەدا. 

تورکەکان ساڵی 1991 و لە دوای شەڕی کەنداو دەیانگوت کە رێگە بە دروستبوونی قەوارەیەکی کوردی لە باشوور نادەن. پەکەکەش ناوی لەو پێکهاتەیەی باشوور نابوو ''یارییەکانی ئەمپریالیزم''.

کاتێک تورکیا لە دەروازەی سنووریی زاخۆ کاری لەسەر پرۆژەی خستنە دەرەوەی کورد لە بازنەکەدا دەکرد، پەکەکەش لە جزیر و سلۆپی ئەو بارهەڵگرانەی دەسوتاندن کە ئازووقەیان دەهێنایە باشوور.

ساڵی 1992 کاتێک لە باشوور هەڵبژاردن بەڕێوەچوو و پەرلەمان دانرا، پەکەکە بەو پەرلەمانەی دەگوت ''بووکەڵەی دەستی ئەمپریالیزم'' و پەلاماری دەدا. هەر پەکەکەش بوو لە ئەوروپا ئەنجوومەنی نەتەوەیی کوردستانی وەکو جێگرەوەی پەرلەمان دامەزراند.

کەواتە هۆکاری راگەیاندنی شەڕ لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن پەکەکەوە، پەیوەندییەکانی تورکیا نییە. ماوەتەوە بڵێین پەیوەندییەکانی 3 ساڵەی رابردووی تورکیا هاوشێوەی پەیوەندییە ساڵانی 90'ەکانە کە ئاڵۆز و سەخت بوون.

روونتر بڵێین؛

هێڵی نیشتمانیبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆکاری راستەقینەی ئەو شەڕەیە لەلایەن پەکەکەوە.

پەکەکە کە ئەمڕۆ دەڵێ:"پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێی بەدەوڵەتبوونەوە کوردەکان پەلکێشی بەڵا دەکات"، جاران دەیگوت :"پارتی دیموکراتی کوردستان بە داواکاریی ئۆتۆنۆمی ناتوانێ نوێنەرایەتیی کوردان بکات". بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان هەرچییەک بکات و نەیکات بۆ پەکەکە جیاوازی نییە، چونکە لەلایەن پەکەکەوە ئامانجە.

ئەم هێڵە پەکەکەی بردووەتە خاڵێکی وەها، تەنانەت بۆ لێدانی پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ کەماسییەک لەوە نابینن کە هاوپەیمانی لەگەڵ حیزبوڵا و حەشدی شەعبیش بکات. ئەوان لەبری لکاندنی شنگال بە جوگرافیای کوردستان، لەگەڵ ئەوەدان لە سەر بەغداد بمێنێتەوە، چونکە ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران ئەمەیان دەوێ.  

لە ئەنجامدا؛ تورکیا و ئێران لە پشت رووبەڕووبوونەوەی لایەنە کوردییەکان و ناوبەناو دروستبوونی شەڕی ناوخۆدان. سیستمێکی ئەنتی-کورد هەیە کە ئەوان دایانناوە. رێگەی دژوەستان بەرامبەر ئەو سیستمە یەکگرتنە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بە پێچەوانەوە؛

بە دووبارە هەڵەکردن وەکو سەردەمی پەرش و بڵاوبوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دامەزراندنی کۆماری تورکیا، هەمان هەڵە دوبارە دەبێتەوە و دووبارە کورد مەحکووم دەبێت بە مانەوەی وەکو چەوساوەی ژێر چەپۆکی تورکیا و ئێران. بەمەش تاوانێک ئەنجامدەدەین کە لێخۆشبوونی نییە.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە سەرەڕای هەموو کەماسییەکان  نوێنەرایەتی هێڵی نیشتمانی دەکات، ئامانجی سیستمی ئەنتی-کوردە. پارتی بەهۆی ئەوەی لە پێگەی حزبی دایکە بۆ تەواوی رێکخراو و پارتەکانی دیکە بۆیە لەسەریەتی ئەو بەرپرسیارێتییانە بەجێبهێنێت کە دەکەونە سەر شانی.

ئەو ستافانەی بە بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان و نەتەوەییە کوردەکان بێگانەن و بە پارە پەروەردە کراون، گەورەترین ئاستەنگن لەبەردەم فراوانبوونی ئاسۆی پارتی دیموکراتی کوردستان. 

ئیدی پارتی دەبێت پێویستیی پارتیبوون جێبەجێ بکات. کوردانی ئوممەتی و گەلخوازیش لەو سیستمە ئەنتی-کوردە دوور بکەونەوە کە تورکیا و ئێران دایانناوە.

 


 

رۆژهات ئامەدی

23.11.2020

 


 

نووسینەکانی دیکەی نووسەر:  کۆچی دوایی نەجمەدین کەریم و ئەو بەهایەی یەکێتی و پەکەکە بە هاوڕێبازانی پێشوویان دەدەن