image

پەیامی کورد    ...    کازمی دواهەمین بڕیاری و ووتەی خۆی سەبارەت بە بەشە بوودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند 

جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە و پرسی  بەشە بوودجەی هەرێم، پارەی گەنمی جوتیاران و پرسی هاوردەکردنی زێریان لەرێگەی فڕۆکەخانەکانەوە تاتوێکردوە و موستەفا کازمی بەڵێنی داوە کە بەمزوانە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر دەکات.

بەشیر حەداد، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند،  ئەمڕۆ لەگەڵ موستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە و "کازمی دانینا بەوەی ئەو پارەیەی رەوانەی هەرێم دەکرێت کەمترە لەحەقی خۆی، بۆیە لەئێستادا لەگەڵ لایەنەکان لەگفتوگۆداین بەمەبەستی دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی بۆ ئەوەی بەزوترین بەشە بوودجەی هەرێم رەوانەبکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق باوەڕی وابوو ئەو برگەیەی یاسای قەرز کەپەیوەستە بە هەرێمی کوردستانەوە ئاستەنگی بۆ رەوانەکردنی بەشەبودجەی هەرێم دروستکردوە و دەبێت بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکادا کێشەکە چارەسەربکرێت

جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕو، "هەرچەندە کازمی کاتی رەوانەکردنی مووچەی دیارینەکرد و باسی لەپێویستی زوو رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد کرد، بەڵام بەڵێنیدا کە ناهێڵن فەرمانبەرانی کوردستان بەبێ مووچە بمێننەوە".
باسی لەوەشکرد، پەیوەست بە پارەی گەنمی جووتیاران و پرسی هاوردەکردنی زێریش لەرێگەی فڕۆکەخانەکانەوە سەرۆک وەزیران بەڵینیدا لەچەند رۆژی داهاتوودا ئەو کێشەیەش چارەسەر دەکات.