image

پەیامی کورد    ...   دوای ئەوەی كارانەبوونی ئۆفەرێكی كۆمپانیا كۆڕەك تیلیكۆم ناڕەزایەتی لێكەوتەوە، كۆمپانیاكە لە ڕوونكردنەوەیەكدا هۆكارەكەی بۆ گرفتێكی تەكنیكی كاتی گەڕاندۆتەوە و وێڕای ئەوەی داوای لێبوردنی لە بەشداربووانی كردووە، ئاماژەی بە چارەسەركردنی گرفتەكە و بەردەستبوونی ئۆفەرەكە داوە.
لە روونكردنەوەیەكدا كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم باسی لەوەكردووە، رۆژی ١٦ ی ئەم مانگە بە هۆی گرفتی تەكنیكیەوە ئۆفەری "تەنها بۆ تۆ"ی هێڵەكەیان بۆ بەشێك لە بەشداربووان بەردەست نەبووە.
كۆمپانیاكە داوای لێبووردنی لە بەشداربووانی كردووە و رایگەیاندووە، هەر كەسێك كە نامەی بەشداربوونی بۆ چووە دەتوانێت ئۆفەرەكە كارا بكات و لێی سودمەند بێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە ژمارەیەك لە بەشداربووانی هێڵی كۆڕەك تیلیكۆم باسیان لەوەكردبوو دوای پڕكردنەوەی باڵانس كاتێك ویستوویانە لە ئۆفەری "تەنها بۆ تۆ"ی كۆمپانیاكە سوودمەند بن، پێیان راگەینرابوو كە ئۆفەرەكە بەردەست نییە، بۆ ئەوەش داوایان كردبوو رێكاری پێویست بۆ وەرگرتنەوەی مافی بەشداربووان بگیرێتەبەر.