image


پەیامی کورد ... پێشوازی مەسروور بارزانی لە باڵوێزی ڕوسیا لە عێراق

 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵوێزی رووسیا لە عێراق کرد و چەند بابەتێکیان خستە بەر باس و تاووتوێیان کرد.

 

ئەمڕۆ سێشەممە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠،  مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ماکسیم ماکسیمۆڤ، باڵوێزی رووسیا لە عێراق کرد و لە دیدارەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و هەرێمی کوردستان و دۆخی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کرا. جەخت لە پەرەپێدان و بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییەکان و بەتایبەتی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و رووسیا کرا.

 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد و جەختی کردەوە کە نابێت بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، بکرێتە کارتێکی فشار بۆ سزادانی خەڵکی کوردستان، گوتیشی: "هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور".

 

 

هەروەها سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتننامەی شنگال كرد بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە، لە پێناو ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.